رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ماوەی کەمتر لە نۆ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 هەزار ئێزدیی کۆچیان کردووە و چوونەتە ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە. دەشڵێت، "ئێستا ژمارەی ئێزدییەکان بە نزیکەی 450 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت."
رۆژی دووشەممە، 13-2-2023، سعود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی ئێزدییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راستە حکومەتی عێراق زوو زوو دەڵێن، ئەمساڵ ئێزدییە ئاوارەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەڵام ئەمە مەحاڵە، چونکە ئەوە نیشان دەدات کە ئەستەمە بتوانن بگەڕێنەوە."
سعود مستۆ گوتی، "هێشتا دۆخی شنگال ئارام نییە، چەندین گرووپ لەو ناوچەیە هەن و دەسەڵاتیان هەیە، ئەوەش وایکردووە ناوچەکە ئاڵۆز بێت، بەتایبەت ژمارەیەک لایەن و وڵاتیش بەرژەوەندییان هەیە و ناکۆکییان هەیە، تاوەکو رێککەوتننامەی شنگال کە یەکێکە لە کارنامەکانی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی جێبەجێ نەکرێت، دۆخەکە باش نابێت، چونکە بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە، دۆخەکە ئارام دەبێتەوە و ئاوارەکان دەتوانن بگەڕێنەوە."
ئێزدییەکان یەکێکن لە پێکهاتە رەسەنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەڵێن بەدرێژایی مێژوو رووبەڕووی زیاتر لە 70 "فەرمان"ـی قڕکردن بوونەتەوە، دوایینیان لەسەر دەستی چەکدارانی داعش بوو لە ساڵی 2014 کە هەزاران کچ، ژن و منداڵی رفاندن و هەزاران پیاویشی شەهید کرد.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، "هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، چونکە هیچ هەنگاوێکی کردەیی و جیدی نییە، جگە لەوەی دۆخی سەقامگیریی و خزمەتگوزاریی خراپە و چاوەڕوان ناکرێت ئاوارەکان بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە، بەتایبەت ئەوەشی زەحمەتە دۆخەکە ئاڵۆزە و باوەڕناکەم گرووپە چەکدارەکان بە ئاسانی ناوچەکە جێبهێڵن."
سعود مستۆ لەبارەی دوایین ئامارەکانی قوربانییانی کوردانی ئێزدییەوە گوتی، "ژمارەی ئێزدییەکان دەگاتە نزیکەی 450 هەزار کەس، 325 هەزار ئێزدی لە ئاوارەییدا لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی لە نێو خێوەت و کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دەژین، لەوانە 200 هەزاریان لە 15 کەمپی پارێزگای دهۆکن."
سەبارەت بەو ئێزدییانەشی کە چوونەتە دەرەوەی عێراق، ئاشکرای دەکات، لە ساڵی 2014ەوە تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی عێراق و هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە و هێشتاش بەردەوامە، بەشی زۆری ئەوانەش لە وڵاتی ئەڵمانیا گیرساونەتەوە و جێگیربوون.
سعود مستۆ بە دووریشی زانی ئێزدییەکانی دەرەوەی عێراق بیر لە هاتنەوە بکەنەوە، چونکە بەقسەی ئەو "لەنێو عێراق دۆخیان خراپە، بۆیە ئەوانەی لە دەرەوەن جارێ بیر لە هاتنەوە ناکەنەوە.
ئێزدییەکان لە 3ـی ئابی 2014 رووبەڕووی پەلامارەکانی چەکدارانی داعش بوونەوە و بە پاساوی ئایین جیایی داعش شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدیی رفاند؛ تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 555 کەسیان رزگارکراون و نزیکەی 2800 کەسی دیکەشیان شوێنبزرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ