رووداو دیجیتاڵ
بەڵێندەری شەش باڵەخانە کە لە شارۆچکەی بەسنی سەر بە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان لە بوومەلەرزەکەی مەرەش رووخا، لە شاری مێرسینی تورکیا دەستگیر کرا.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 13ی شووباتی 2023 لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی سەمسوور بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەو باڵەخانانەی کە لە بوومەلەرزەکەی مەرەش لە ناوچەکەدا وێران بوون، بە خێرایی بەردەوامن.
چەند رۆژێک پێش ئێستا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شوکرو ئیشیتمەن دەرچوو، کە بەڵێندەری شەش باڵەخانەی رووخاوە لە شارۆچکەی بەسنی و تائێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لەو باڵەخانانەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 123 کەس.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەو بەڵێندەرە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبارە بەوەی بووەتە هۆکاری گیانلەدەستدانی 123 کەس و بەو هۆیەوە لەلایەن تیمەکانی پۆلیسی مێرسینەوە دەستگیر کراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکە دەبرێتە شارۆچکەی بەسنی بۆ رێوشوێنی دادوەری و لێکۆڵینەوەش لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ