هۆشیار زێباری: پارتی هیچ بەربژێرێکی دیکەی بۆ سەرۆککۆمار نییە

13-02-2022
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
هۆشیار زێباری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا
هۆشیار زێباری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی کە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی هۆشیار زێباری لە بەربژێربوونی سەرۆککۆمار دوورخرایەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ بەربژێرێکی دیکەی بۆ ئەو پۆستە نییە.
 
هۆشیار زێباری تاکە بەربژێری پارتی بوو بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام دوای ئەوەی کە ئەمڕۆ یەکشەممە 13-02-2022 دادگەی فیدڕاڵی بەربژێربوونی رەتکردەوە، ئێستا پارتی هیچ بەربژێرێکی بۆ ئەو پۆستە نییە.
 
ئەمڕۆ دوایین وادەی خۆبەربژێرکردنە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و کاژێر 15:00 وادەکە کۆتاییهات.
 
دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی هۆشیار زێباری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بڕیارەکە "سیاسییە" و چەند لایەنێکی لە پشتە و ئەوان دەزانن ئەو لایەنانە کێن و ئێستا کاتی ئەوە نییە کە ئاشکرای بکەن. 
 
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا هۆشیار زێباری رایگەیاند، ئەو هەموو مەرجەکانی بەربژێربوونی تێدا بووە، بەڵام بڕیارەکە پێشوەختە درابوو. هەروەها گوتیشی، هەرچەندە "ستەم"ـی لێکراوە، بەڵام رێز لە بڕیارەکە دەگرێت.
 
رۆژی دووشەممە 7ی شوبات ماوەی دەستووری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بەبێ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ کۆتاییهات، رۆژێک دواتر پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەوە 9ی شوبات جارێکی دیکە دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێتەوە.
 
وەکو نەریتێکی سیاسی دوای ساڵی 2005 پۆستی سەرۆککۆمار دراوەتە کورد. لەو کاتەشەوە تاوەکو ساڵی 2018 بەپێی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی پۆستەکە دەدرایە یەکێتی، بەڵام لەو ساڵەدا پارتی بەربژێری بۆ ئەو پۆستە هەبوو و لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق رکابەرییەکە لە بەرژەوەندیی یەکێتی یەکلاییکرایەوە. 
 
بەپێی دەستووری فیدراڵیی عێراق، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا لە دوای بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت، پێشتر پەرلەمانی عێراق لە 8ی مانگی یەکی رابردوو تاوەکو 7ـی ئەم مانگەی بۆ ئەو مەبەستە دیاریکردبوو.
 
ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارەی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و شێوازی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت رێگر بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەو وادەیەی کە پێشتر پەرلەمان بۆی دیاریکردبوون، بۆیە رۆژی دووشەممە وادەکە کۆتاییهات بەبێ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە