حەج و عومرە بۆ هاونیشتمانیان: بانگەوازی حەجی بازرگانی بێبنەمایە و سامانی خۆتان بەهەدەر مەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومەرەی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی لەبارەی دەنگۆی "حەجی بازرگانی" بڵاوکردووەتەوە و بێئاگایی خۆی لێی دەربڕیوە و داوا لە هاونیشتمانیان دەکات خۆیان لەو دەنگۆ و بانگەوازە بەدووربگرن.
 
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و ئیرشاد و گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە رایگەیاند، "چەند رۆژێكە لەلایەن هەندێک سایت و پەیجەوە، بانگەوازی ئەوە دەكرێت كە حەجی بازرگانی بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێت. ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ئاگاداری هاووڵاتییان دەكەینەوە كە تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی لەلایەن عەرەبستانی سعودیە بەدەستمان نەگەیشتووە سەبارەت بە هەبوونی پرۆسەی حەج بۆ ئەمساڵ".
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر زانیارییەكیش هەبێت ئەوا بە شێوەیەكی فەرمی لە دەزگاكانی راگەیاندنەوە بڵاویدەکەنەوە.
 
کاروان ستوونی داوا لە هاونیشتمانیان دەکات خۆیان بەدووربگرن لەو "بانگەوازە بێ بنامایانە و سامانی خۆیان بەهەردەر نەدەن".
 
بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەشڵێت، بە مافی خۆیانی دەزانن رێكاری كارگێڕی و یاسایی دژی هەر كەسێك بگرنەبەر كە بیانەوێت "بەناوی ئایین و پرۆسەی حەجەوە فێڵ لە هاووڵاتییان بكەن".