بەکر حەمەسدیق: هۆکاری یەکەمی زۆربوونی تەڵاق ئابوورییە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارێک کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و خێزانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی تەنیا پێنج ساڵدا تەڵاق لە هەرێمی کوردستان دووهێندە زیادی کردووە، بە شێویەک لە ساڵی 2015دا پێنج هەزار حاڵەتی تەڵاق هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2020دا ژمارەکە بۆ 11 هەزار زیاد بووە، واتە ساڵ بەساڵ لە هەڵکشاندا بووە.
لە بەرنامەی"جڤاک"ـی ئەم هەفتەی رادیۆی رووداو کە لەلایەن رۆژان ئەبوبەکرەوە پێشکەش دەکرێت، ئەو هۆکار و کاریگەرییانە تاوتوێ کران کە دەبنە هۆی جیابوونەوەی هاوژینەکان لە یەکدی.
هەریەکە لە بەکر حەمەسدیق، پارێزەر؛ شیلان حەمە، راوێژکاری دەروونی و خێزانی؛ مامۆستا ئەحمەد شافعی، ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان میوانی بەرنامەکە بوون.
بە بڕوای بەکر حەمەسدیق، زۆربوونی رێژەی تەڵاق پەیوەستە بە زۆربوون و گەورەبوونی کۆمەڵگەوە و دەڵێت: "کاتێک کۆمەڵگە گەورە دەبێت لەگەڵیدا کێشەکانیشی گەورە دەبن. کۆمەڵگەی ئێمەیش زۆر بە خێرایی تەشەنە دەکات و گەورە دەبێت و بە خێراییش بە رووی دەرەوەدا دەکرێتەوە."
بەکر حەمەسدیق دەڵێت: "جاران حاڵەتەکانی جیابوونەوە لەو توێژانەدا بوو کە تەمنیان لەنێوان 25 بۆ 40 ساڵیدا بوو، بەڵام ئێستا لە تەمەنی 50 ساڵ و تەنانەت 60 ساڵییشدا حاڵەتەکانی تەڵاق هەن."
ئە پارێزەرە باس لە کۆمەڵێک هۆکار دەکات کە وادەکەن جیابوونەوەی هاوژینەکان روو بدەن و پێیوایە "هۆکاری یەکەم ئابوورییە. کورد دەڵێت: 'کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە.' کە ماڵ پارە و سامانی تێدا نەبوو بۆ ئەوەی ئیدارەی ماڵەکەی پێ بدرێت، سەرهەڵدانی یەکەمی کێشەکان پەیوەندیی بە ئابوورییەوە هەیە. هۆکارێکی دیکە دەستوەردانی خێزانەکانە کە بە شێرپەنجەی نێو خێزانەکان ناو دەبرێت. تاوەکو ئێستا کوڕەکە هێشتا کوڕی باوک و داکیەتی. کچەکەیش کچی دایکیەتی. ئەمە پەیوەستە بەوانەی تەمەنیان لەنێوان 18 وە تاوەکو 30 ساڵی و بگرە تاوەکو 40 ساڵییشدایە کە خێزانەکانیان دەست لە ژیانیان وەردەدەن. ئەمەیش کاریگەریی لەسەر ژیانیان هەیە، بە شێوازێک ژیانەکەی تێکداوە و بەو ئاراستەیە ئاراستەی دەکات کە خۆی دەیەوێت."
بەکر حەمەسدیق باس لەو کەیسانە دەکات کە بۆ ئەو مایەی ئازار و نیگەرانین و دەڵێت: "ئەوەی بە لامەوە سەیرە و ئازارم دەدات، نازانم چ هۆکارێک هەیە لە پشت جیابوونەوەی ژن و پیاوێک کە دۆخی ماددییان باشە! دوو مرۆڤی باشن و 3 منداڵیان هەیە. هۆکارێکی بڕواپێکەر نادەن بە دەستەوە کە بۆچی لە یەکدی جیا دەبنەوە. لەمانەیش سەیرتر کە زۆر ئازارم دەدات ئەوەیە کاتێک ژن و مێردەکە لێک جیا دەبنەوە ناکۆکیی نێوانیان هەموو شتێک تێدەپەڕێنێ.، بە داوای لێبووردنەوە ئەو قسەیە دەکەم و هیوادارم کەس لێم زویر نەبێت، کاتێک دوو حیزبە دیارەکەی هەرێمی کوردستان بە یەکەوە شەڕ دەکەن، هەموو شتێک بە یەکتر دەڵێن. ژن و پیاویش لەسەر هەمان نەریت هەموو شتێک بە یەکتری دەڵێن. بۆ نموونە کاتێک منداڵەکە دەکەوێتە لای ژنەکە، هەرچی پێویست بێت بۆ ئازاردانی پیاوەکەی دەیکات. پیاوەکەیش کاتێک منداڵەکەی لەلایە، دەزانێت خاڵی لاوازی ژنەکەی چییە، هەرچی پێویست بێت بۆ ئازاردانی ژنەکە دەیکات."
شیلان حەمە کە راوێژکاری دەروونی و خێزانە پێیوایە "زۆربەی کاتەکان ئەم دوو تاکە لەسەر شتی زۆر بچووک تاقەتیان لە یەکدی دەچێت و بێزار دەبن. جاران هاوژینەکان چاوپۆشییان لەو خاڵانە دەکرد کە لەسەری نەدەگونجان."
بە بڕوای شیلان حەمە، زۆربەی زۆری ئەو پرۆسە خێزانییانەی کە ئێستا دروست دەبن "پرۆسەیەکی سۆزدارین لە بری ئەوەی ئەقڵانی بن. بۆیە دەبێت سەرنج بخەینە سەر ئەوەی خێزانەکان بە ئەقڵانیبوون هاوسەرگیری دەکەن یان بە شێوازێکی سۆزداری و جۆرە هەڵچوونێکی سۆزدارییان لە بەرامبەر یەکدیدا هەیە، یان بۆ نموونە ئەو دوو رەگەزە هەستێکی جیاوازیان بۆ یەکدی هەیە و بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن."
شیلان حەمە پێیوایە هۆکاری یەکەم لە نەگونجانی هاوژینەکان لەگەڵ یەکدیدا "ئەوەیە کە نایانەوێت لێک تێبگەن. بۆ نموونە زۆربەی ئەو کەیسانەی دێنە لای ئێمە کاتێک باسی کێشەکانیان دەکەن، کێشەکانیان شایەنی ئەوە نین تەنانەت لای لایەنێکی باڵاتریش باس بکرێن چ جای ئەوەی بگاتە دادگا و لە دادگا جیا ببنەوە."
ئەو راوێژکارە دەروونییەی خێزان ئاماژە بەوەیش دەدات کە "لە زۆربەی کاتەکاندا کاتێک ئەو کەیسانە دێنە لامان، باس لەوە دەکەن تاوەکو ساڵی یەکەم بارودۆخیان باش بووە، یان کاتی دەستگیراندارییان زۆر خۆش بووە، بەڵام کاتێک ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە و چوونەتە ژێر سەقفێکەوە ئیتر ئەو خۆشییەیان نەماوە. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو هاوسەرگیرییە لە سەرەتاوە پرۆسەیەکی دروست نەبووە."
مامۆستا ئەحمەد شافعی، ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانیش پێیوایە "ژن و مێرد هاوبەش و تەواوکەری ژیانی یەکترن. ژیانی هیچیان بەبێ ئەوەی دیکە ناتەواو و نارێکە. بەبێ یەکدی ناتوانن لە ژیاندا بەختەوەر بن، هەردووکیشیان وەک یەک هاوبەشی ئەو گرێبەستە هاوسەرییەن. پاراستن و نەپسان و راگرتن و رێزی یەکتر گرتن و خوێندنەوەیان بۆ یەکتر ئەرکی پیرۆزی هەردوولایانە بەبێ جیاوازی."
بە گوتەی ئەحمەد شافعی رێژەی تەڵاق لە کوردستاندا "رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشاندایە. ئێمە لە لیژنەی فەتوا ئەو کەیسانەی کە دێنە لامان کێشەیان هەیە و پێویستیان بە پرسی شەرعی هەیە، ئەگەر لە رۆژێکدا 15 کەیس ببینین، 11 بۆ 12یان کێشەی تەڵاقیان هەیە کە بەشێکی تەڵاقی کەوتووە و لە رووی شەرعەوە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت، بەشێکی دیکەیشی نایەوێت بە شوێن چارەسەردا بگەڕێت."
ئەندامەکەی لیژنەی باڵای فەتوا دەڵێت: "لای ئێمە ئەگەر پیاوێک تەڵاقی بەسەر دەمدا هاتبێت، 98٪ هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەی دەدەین و بەپێی شەریعەتی ئیسلام تەڵاقەکانیان بۆ چاک دەکەینەوە. تەنانەت جاری وا هەیە لە دەرەوەی مەزهەبی ئیمامی شافعی لە چوارچێوەی چوار مەزهەبەکە ئەگەر بزانین تەڵاقەکەیان چاک دەبێتەوە بۆیان چاک دەکەینەوە."
بە گوتەی مامۆستا ئەحمەد شافعی ئەوان راستەوخۆ تەڵاقنامە بۆ ئەوانە نانووسن کە داوای جیابوونەوە دەکەن و دەڵێت: "ئێمە لە جاری یەکەمدا بە هیچ شێوەیەک تەڵاقنامەیان بۆ نانووسین. لە پێشدا کۆمەڵێک ئامۆژگاریی جوانیان دەکەین دوایی بە جیا کوڕەکە و ئافرەتەکە بانگ دەکەین و ئامۆژگارییان دەکەین. هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە مۆڵەتیان پێدەدەین بۆ ئەوەی بیر بکەنەوە. کەسوکاریشیان بانگ دەکەین، ئەگەر گەیشتینە ئەو ئەنجامەی ژیانی ئەمانە تازە پێکەوە ئەستەمە و ناتوانن لەژێر سەقفێکدا ژیانێکی بەختەوەر بەسەر ببەن، ئەو کاتە ئێمە بە شێوەی خولعی تەڵاقنامەیان بۆ دەنووسین، واتە بە جۆرێکی وا ئەگەر دوای مانگێک یان ساڵێک یان 5 ساڵی دیکە ئەو کچە شووی نەکردەوە و ئەو پیاوە ژنی نەهێنایەوە ویستیان بگەڕێنەوە بۆ لای یەک، مەجالی ئەوەی تێدابێت پێک بگەنەوە، جارێکی دیکە بە نیکاحێکی تازە و مارەییەکی تازە پێک بگەنەوە."