رووداو - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکات و ئەمڕۆ بەرەو ئەڵمانیا بەڕێدەکەوێت. لەوێ باس لە قوربانیدانەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش دەکات.
بەپێی راگەیێنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی بەرەو ئەڵمانیا بەڕێدەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە 14 - تاوەکو 16ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت. لە راگەیێنراوەکەی حکومەتدا هاتووە "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی بە گەورە بەرپرسان و بڕیاربەدەستانی جیهانی بەشدار لە کۆنفرانسەکە دەکەوێت و بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوتوێ دەکات".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن چەندین دیدارمان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان دەبێت و باس لە قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش و تیرۆر دەکەین کە پێویستی بە هەماهەنگی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە".
پێشتر نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی کردووە و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان کۆبووەتەوە. ئەمساڵیش وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە پێگەیشتووە.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئەمساڵ 56ـەمین کۆنفرانسە ئەنجامبدرێت، کە لە 14 بۆ 16 شوبات لە شاری میونشن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. بڕیارە بەدەر لە کێشە بەردەوامەکانی ئاسایش، هاوکات باس لە نیگەرانییەکانی داهاتووش بکرێت، بەتایبەتیش کە تەکنەلۆژیا لە گەشەکردن بەردەوامە.
سەرنجی کۆنفرانسەکەی ئەم ساڵ زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە دەبێت: بەرگریکردن و سیاسەتی ئاسایش، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و هەڕەشەکانی تەکنەلۆژیا، ئاسایشی مرۆڤایەتی، ئابووری و سەرچاوەی ئاسایش و هەروەها ئاسایشی دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ