سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ناکات

 
رووداو - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە لە 14 تاوەکو 16ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، ناکات. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو نێچیرڤان بارزانی بەهۆی هەندێ کار و ئەرکی پێویست لە هەرێمی کوردستان، بەشداریی کۆنفرانسەکە ناکات.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەفەرمی بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کرابوو کە ئەمساڵ 56ـەمین کۆنفرانسە ئەنجام بدرێت و بڕیارە بەدەر لە کێشە بەردەوامەکانی ئاسایش، هاوکات باس لە نیگەرانییەکانی داهاتووش بکرێت، بەتایبەتیش کە تەکنەلۆژیا لە گەشەکردن بەردەوامە.
 
لە کۆنفرانسەکەدا، بەدەر لە تاوتوێکردنی چەندین پرسی سەرەکی پەیوەست بە ئاسایشی جیهان، هاوکات بە دەیان دیدار و کۆبوونەوە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەدەچن.
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە بۆ ئەڵمانیا بەڕێدەکەوێت.

 

پێشتر نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی کردووە و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان کۆبووەتەوە.
 
لە ساڵی 2018 لە کاتێکدا هێشتا گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەردەوامبوون، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێک بەشداری لە کۆنفرانسی میونشن کرد و لەوێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێریان کرد.