پۆلیسێکی خەڵکی زەڕایەن بەشێک لە جگەری خۆی دەبەخشێتە ئاڵا

13-02-2019
حەکیم داود
د. ئاراس برادۆستی لە نەخۆشخانەی ژین لێدوان لە شەمێران قادر وەردەگرێت
د. ئاراس برادۆستی لە نەخۆشخانەی ژین لێدوان لە شەمێران قادر وەردەگرێت
نیشانەکردن جگەر
A+ A-

رووداو - هەولێر

گەنجێکی خەڵکی شارۆچکەی زەڕایەن لە شارەزوور، کە پیشەی پۆلیسە، بەشێک لە جگەری خۆی بە ئاڵا میقداد دەبەخشێت.

ئاڵا میقداد، کە کچێکی تەمەن 22 ساڵی دەستگیراندارە، ماوەی حەوت رۆژە لە نەخۆشخانەی ژین لە هەولێر بێهۆشە، ئەوەش بەهۆی پەککەوتنی جگەری.

دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک لە رووداو دەیان کەس ئامادەیی خۆیان بۆ بەخشینی جگەری خۆیان بە ئاڵا نیشاندا، بەڵام بەهۆکاری نەبوونی مەرجە پزیشکیی و یاساییەکان نەیانتوانی جگەریان ببەخشن.

شەمێران قادر محەممەد، پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر کە دانیشتووی شارۆچکەی زەڕایەنە لە سلێمانی، وەک خۆبەخشێک لە سلێمانییەوە هاتە هەولێر بۆ رزگارکردنی ژیانی ئاڵا میقداد.

بەگوتەی پزیشکانی نەخۆشخانەی ژین، شەمێران قادر سەرجەم مەرجە سەرەتاییەکانی وەک جۆری خوێن و تەمەنی تێدا بووە، دوای پشکنینی پزیشکیش دەرکەوتووە دەتوانێ بەشێک لە جگەری خۆی بە ئاڵا میقداد ببەخشێت.

شەمێران قادر لە نەخۆشخانەی ژین قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "پیرۆزبایی لە خۆم و خانەوادەکەم دەکەم کە جگەری من بۆ ئاڵا گونجاوە و دەتوانم پێی ببەخشم. من کە فرمێسکی دایکی ئاڵام لە رووداو بینی گوتم هەر چی بە من بکرێت بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەو کچە دەیکەم".

شەمێران قادر دوو هاوژین و سێ منداڵی هەیە و دەڵێت "دوو هاوژینەکەم موژەدەی ئەوەیان پێدام و پیرۆزباییان لێکردم کە جگەرم بۆ ئاڵا دەبێت و زۆر پشتیوانم بوون". 

هاوکات رێكخراوى بەخشينى خوێن و ژيان لە ھەولێر رایگەیاند، ئاڵا میقداد پێویستی بە 50 بوتڵ خوێنە لە جۆری ئۆ زائید (O+) و شەمێران قادریش پێویستی بە 25 بوتڵی خوێنی جۆری ئۆ ناقسە (O-). هەر کەس دەتوانێت خوێن ببەخشێ پەیوەندی بە لقى ھەولێرى رێكخراوى بەخشينى خوێن و ژيان بکات (07501443814).

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی راگەیاند، راستە شەمێران قادر دانیشتووی زەڕایەنە لە سلێمانی بەڵام پۆلیسە لە هەولێر و ئەمڕۆش عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر پێشوازی لێکردووە و دەستخۆشی ئەو کارە خۆبەخشانەی لێکردووە.


ئاڵا میقداد تاقانەی دایک و باوکییەتی، تەنیا دوو هەفتەی دوای ئاهەنگی مارەبڕینی، تووشی نەخۆشی کتوپڕی پەککەوتنی جگەر بوو. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە