لە سلێمانی شەش كافتریا و یانەی شەوانە داخران

13-02-2017
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

بەهۆی پابەندنەبوونیان بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردنەوە، شەش كافتریا و یانەی شەوانە لە شاری سلێمانی داخران، بەدواداچوونیش بۆ سەرجەم شوێنەكان دەكرێت و هەر یەكێكیان بە مەرجەكان پابەند نەبێت، رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە و دادەخرێت.

بەپێی راگەیێنراوێكی قایمقامیەتی سلێمانی، شەوی 13-2-2017، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی لەنێو شاری سلێمانیدا شەش كافتریا و یانەی شەوانەیان داخستوون، هۆكارەكەشی ئەوە بووە چەندجارێك ئاگاداركراونەتەوە بە مەرج و رێنماییەكان پابەندبن، بەڵام گوێیان پێنەداون.

هەرێم عەبدولرەحمان، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچونی رێستۆرانتەكان لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوە داوە، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردنەوە ئەو شوێنانەیان داخستوون. گوتووشیەتی "هەموو ئەو شوێنانە بەڵێننامەیان لێوەردەگیرێت تا ئەو كاتەی پابەند دەبن بە جێبەجێكردنی هەمووو مەرج و رێنماییەكان رێگە بە كاركردنیان نادرێتەوە".

سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی رێستۆرانتەكان لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، لە راگەیێندراوەكەدا باسی لەوەش كردووە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و پشكنینەكانیان، هەر شوێنێكیش پابەند نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

وێڕای ئەمە رۆژی 10-2-2017، چەندین شوێن و سەنتەری جوانکاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانی داخران، بەهۆی ئەوەی كاری ئەوتۆیان ئەنجامداوە کە دەبێ تەنیا لەژێر چاودەری پزیشک ئەنجام بدرێن، کەچی خۆبەخۆ ئەنجامیان داون.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە