رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، "رەنگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی عێراق سەردانی سووریا بکات." لەبارەی سەردانەکەیشی بۆ بەغدا دەڵێت، "گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەوەرێکی گرنگی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانییە."
د. عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیوایە، "نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی قبووڵکراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەتوانێت پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ هەموو کارەکتەرە نێودەوڵەتییە دژیەکەکان هەبێت."
سەرۆکی ناوەندەکە گوتیشی، "تەوەری هەرە گرنگی سەردانەکە، چارەسەرکردنی دۆخی داراییە و دەبێت لە ساڵی نوێدا کێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەر بکرێت."
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 12-01-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش جەختیان کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سووریا، تەوەرێکی گفتوگۆکان بووە.
رۆژی دووشەممە 13-01-2025 سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) گوتی، "ئێستا باشترین کاتە بۆ سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان ئەوەیە ئەو دۆخە داراییەی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی مامەڵەی بەغدا کە دروستبووە، دەبێت لە ساڵی نوێدا کۆتایی بێت، کێشەی مووچەخۆران یەکلایی ببێتەوە و چارەسەر بکرێت. دووەمیان بریتییە لە گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق نازانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات."
وەکو د. عادل باخەوان ئاماژەی بۆ کرد، "پڕۆژەی ئێرانی لە ناوچەکە شکستێکی گەورەی هێناوە، عێراق دەبێت لەم نێوەندەدا خۆی یەکلایی بکاتەوە، ئایا وەکو یەکێک لە ئەڵقەکانی بەرەی موقاوەمە دەمێنێتەوە یان نا؟ ئایا لە عێراق چوار گرووپی میلیشیایی، کە هەڕەشەن لەسەر ئەمریکا و خودی دەوڵەتی عێراقیش، دەمێننەوە یان نا؟ هەروەها چارەنووسی حەشدی شەعبی بە کوێ دەگات؟ هەڵدەوەشێتەوە یان نا؟ خاڵی کۆتاییش ئەوەیە سرووشتی پەیوەندیی نێوان بەغدا و تاران دەبێت یەکلایی بکرێتەوە."
دوای 08-12-2024 و رووخانی رژێمی ئەسەد، جگە لە شاندێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق، هیچ سەردانێکی دیکەی بەرپرسانی عێراقی بۆ سووریا نەبووە، لە کاتێکدا ترافیکی دیپلۆماسیی ئەورووپی و ئەمریکی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بۆ سووریا دەستیپێکردووە. لە راگەیێندراوێکیشدا پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، "عێراق پشتیوانیی هیچ لایەنێکی دیاریکراو لە سووریا ناکات، بەڵکو چاوەڕوانی کردار لەو لایەنە دەکات کە ئێستا سووریای گرتووەتە دەست."
بە بڕوای عادل باخەوان، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا پەیوەندیی بەوەوە هەیە کێ نوێنەرایەتیی عێراق بکات بۆ سووریا؟ لەوبارەوە دەڵێت، "یەکێک لەو دۆسیانەی باسی لێدەکرێت، ئەوەیە کێ بڕوات بۆ سووریا؟ سەرۆکوەزیران سوودانی؟ یان وەزیری دەرەوە یان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؟ ئەگەر بچێتە سووریا بەناوی عێراقەوە بێت؟"
هەر لەوبارەیەوە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باخەوان گوتی، "نێچیرڤان بارزانی پێیوایە کاتی ئەوەیە شەرعیەتی عێراقی بەکاربهێندرێت بۆ خزمەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو سەردانەی سووریا رێکبخرێت، ئەوا بەناوی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەبێت."
لەبارەی نوێنەرایەتیی عێراق و رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، د. عادل باخەوان باسی لەوە کرد، "چەند ناوەندێک ئێستا لە ململانێدان، چەقی بەریەککەوتنەکان لە پەیوەندیی رۆژئاوای کوردستان و تورکیایە، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان باشترین پەیوەندیی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە، دەتوانێت پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ هەموو کارەکتەرەکان هەبێت، بۆیە رۆڵێکی گەورەی هەیە لە هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و نزیککردنەوەی ناوەندە ناکۆکەکان."
سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گرنگی دەزانێت، لە دوو ئاستدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاربکات، بۆئەوەی بتوانێت نوێنەرایەتیی شەرعیەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات لە ئاستی نێودەوڵەتی، "یەکەمیان ئاستی هەرێمی کوردستان و دووەم عێراقە، لە هەرێمی کوردستان هەرچۆنێک بووە دەبێت کۆدەنگییەک دروست بکات، کە وادەکات بەناوی شەرعیەتی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ جیهان قسە بکات. دووەم ئاست، گرنگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بتوانێت کۆدەنگییەکی عێراقی دروست بکات."
رۆژی چوارشەممە 08-01-2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە، لەکاتی سەردانەکە باس لەوە دەکرا کە یەکێک لە تەوەرەکان پەیوەندیی بە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی حەشدی شەعبییەوە هەیە. بە بڕوای د. عادل باخەوان، "لە ئێران بە سوودانی گوتراوە، نابێت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە و ئەو شکستەی قبووڵ نییە کە بەرنامەکەی تووشی بووە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بۆیە ئێستا عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، ئایا بەرژەوەندییەکانی ئێران بپارێزێت یان بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی عێراق؟"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ