دڵشاد شەهاب: رێگە نادرێت پێنەدانی مووچەی هاووڵاتیان ببێتە بەشێک لەو ناکۆکییانەی هەن

رووداو دیجیتاڵ
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی عێرق دا، بە گشتی باس لە دۆخی عێراق و پارێزگاریکردن لە وڵاتەکە بۆ ئەوەی نەبێتە بەشێک لەو کێشانەی لە ناوچەکەدا هەن و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
 
شەوی دووشەممە، 13-01-2025، دڵشاد شەهاب لە بەغداوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەو قسانەی کرد.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی: "پەیامی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان وەکو هەمیشە، لەگەڵ پارێزگاریکردنە لە سەقامگیریی عێراق. عێراقێک پارێزگاری لێدەکرێت کە تێیدا بەشداریکردنی هەموو لایەنەکان فەراهەم کرابێت و مافی هەموو لایەنەکانی تێدا پارێزراو بێت. ئەو بارودۆخەش کە ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، پێویستی بە هاوئاهەنگی، لێکتێگەیشتن و زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکان هەیە".
 
دڵشاد شەهاب هەروەها سەبارەت بە پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "شایستە داراییەکان و شایستەکانی دیکەش بەشێکی گەورەیان لە گوتاری جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هەبووە؛ چ لە کۆبوونەوەکە و چ لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان".
 
دڵشاد شەهاب لەبارەی بەرەوپێشچوون و هەڵوێستی لایەنەکان رایگەیاند، "لێکتێگەیشتنی باش هەیە".
 
هەروەها سەبارەت بە چارەنووسی مووچە ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ هەموو لایەنەکان روونکرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئەو پابەندییانەی لە رێککەوتنەکاندا هەن و ئەوەی بەپێی یاسا دەکەوێتە ئەستۆی، وەکو خۆی جێبەجێی کردوون. هەمووشیان بەتایبەتی سەرۆکوەزیران [سوودانی] کۆک بوون لەسەر درێژەپێدانی ئەو کۆبوونەوانە لە نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ماون".
 
بابەتێکی دیکە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە و دڵشاد شەهاب دەڵێت، "رێوشوێنی باش دانراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لەوەتەی هەناردە وەستاوە زیانی زۆر بە گەنجینەی دەوڵەت کەوتووە و بارگرانییەک دروستبووە. تێگەیشتنێکی باش هەیە بەتایبەتی لە خوێندنەوەی دووەمی هەمواری یاسای بودجە. چونکە بەشێکی زۆریان لەوێدا چارەسەر دەکرێت. چاوەڕوانیمان ئەوەیە پرسە هەڵپەسێردراوەکان کە لە میزانییە ماونەتەوە بۆ ساڵی 2025 چارەسەر بکرێن و ئەم هەموارەش ببێتە هۆکارێک بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان".
 
سەبارەت بە مووچەی مانگی 12ی 2024، دڵشاد شەهاب رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بە راشکاوی بە سەرجەم لایەنەکانی راگەیاندووە، بەتایبەتیش بە جەنابی سەرۆکوەزیرانی راگەیاندووە کە دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەم مافە هەبێت و ئەمە مافی خەڵکە. کۆمەڵێک بڕیار هەن، بڕیاری دادگەی ئیتیحادی هەیە و چەند رێکاری دیکە هەن کە رێگە نادرێت پێنەدانی مووچەی هاووڵاتیان ببێتە بەشێک لەو ناکۆکییانەی هەن".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، رێککەوتن کراوە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی دیکەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و کۆبوونەوەی دیکە سازبدرێت و هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەر بنرێت.
 
دڵشاد شەهاب هەروەها لەبارەی دۆخی سووریا باسی لەوە کرد، بۆچوونی گشتی ئەوە بووە رێز لە ویستی هەموو گەلێک دەگیرێت کە چۆن بڕیار لەسەر دۆخی خۆی دەدات، لە لایەکی دیکەشدا عێراق و هەرێمی کوردستانیش بێلایەنی بپارێزن. 
 
هەروەها گوتی، "مامەڵەکردنی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان [ـی رۆژئاوای کوردستان] لە چوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەتدا دەبێت".