نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری: ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق تێپەڕن

رووداو دیجیتاڵ
 
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هاوکاريی سیاسی و ئەمنيی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا و "تيشك خرايه‌ سه‌ر گرنگيى کاری هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارييانه‌ى بۆ عێراق پێشهاتوون، له‌مباره‌يه‌وه‌ جەختيان لەسەر بەهێزکردنی گفتوگۆى نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان کرده‌وە بۆ بەدیهێنانی دیدگایەکی نیشتمانيی هاوبەش کە خزمەتی سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵات بکات".
 
ئەوەش هاتووە، "هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى بەردەواميی هاريكاريى هاوبه‌ش و هەماهەنگيی نێوان لایەنە عێراقییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ته‌بايى و پته‌وكردنى گيانى نیشتمانی و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەنديی گەلی عێراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ بپارێزێت".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوايين پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتى گۆڕانگارييه‌كانی سووریا و کاریگەرى لێكه‌وته‌كانى، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بووە.