هەڵمەتی کوشتنی سەگی بێلانە بە تاپڕ لە کەرکووک دەستیپێکردووە
رووداو - کەرکووک
هەڵمەتێکی چڕ بۆ لەنێوبردنی سەگی بێلانە لە کەرکووک دەستی پێکردووە. چەند تیمێک لە لیژنەکانی قایمقامیەت، شارەوانی و ڤێتێرنەری، بە هەماهەنگیی پۆلیس لەنێو گەڕەک و شوێنە جیاوازەکانی کەرکووک بەدوای ئەو سەگانەوەن کە مەترسین بۆ سەر خەڵک.
سەگەکان بە چەکی تاپڕ دەکرێنە ئامانج، دوای کوشتنیان لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی شارەوانییەوە هەڵدەگیرێنەوە و لە جێگەیەکی دوور لە ئاوەدانی ژێر خۆڵ دەکرێن.
هەڵمەتەکە لەسەر سکاڵای خەڵکە، بەڵام بەشێک لە هاونیشتمانییان بڕوایان وایە شێوازی هەڵمەتەکە گونجاو نییە، بەو جۆرەش ئەستەمە ئەو ژمارە زۆرەی سەگ کەم بکرێنەوە.
لوقمان تەها، هاونیشتمانی دەڵێت، "باشە بەڵام بەردەوام بێت، نەک ئەوەی بێن دوو سەگ بکوژن و بڕۆن. ئەوە چۆن دەبێت، دەبێت بەردەوام بن و بنبڕی بکەن، بەڕاستی تەواو هەراسان بووین."
لە نزیک قوتابخانە و نێو کۆڵان و گەڕەکە جیاوازەکان ژمارەیەکی زۆری سەگی بێلانە بەدیدەکرێن.
حوسێن قوربانیی کەڵبەی سەگی بێلانەیە، مامی دەڵێت، دوای گەستنی سەگ ژیانی کەوتە مەترسییەوە، بەو هۆیەشەوە ساڵێک لە خوێندن دابڕا.
ئازاد حوسێن، هاونیشتمانی دەڵێت، "ئەم منداڵە پار سەگ پەلاماری دا، بەهۆی پەلاماردانی ئەو سەگەوە لە قوتابخانە ساڵێک دواکەوت، شەو راپەڕێت دەترسێت، سێ بۆ چوار سەگ پەلاماری داوە. سەگ پەلاماری خۆی و دایکی داوە، ئێستاش هەر ماوە سەگەکە و زیادیان کردووە."
بڵاوبوونەوەی سەگی بێلانە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک، بووەتە پرسێکی گشتی؛ ژمارەیەک بەڕێوەبەری قوتابخانە و چالاکوانی پەروەردەیی لەبەردەم قایمقامیەتی کەرکووک پەیامێکی ناڕەزایی و هۆشدارییان دا کە ئەگەری کارەساتی دیکە هەیە.
هیوا حەسەن، مامۆستا و چالاکوانی پەروەردەیی دەڵێت، "ئەمڕۆ کۆمەڵێک مامۆستا و چالاکوان هاتینە بەردەم قایمقامیەتی ناوەندی کەرکووک، بۆئەوەی پەیامێک بگەیێنینە جەنابی قایمقام کە ئیدی ناکرێت و بەسە. چیدیکە نابێت مرۆڤایەتی بکرێتە قوربانیی ئاژەڵداری. کۆمەڵێک سەگی بێلانە لەم شارە هەن، ئەمە دووەم کارەساتە لەم دواییەدا روودەدات."
لە کەرکووک شێڵتەری تایبەت بە سەگی بێلانە هەیە، بەڵام تەنیا 600 سەگی تێدایە، کە زۆربەیان خەڵک بردوونی. پێشتر تیمەکان بە دوو جۆر کاریان دەکرد، جۆری یەکەم گواستنەوەی سەگەکان بوو بۆ شێڵتەرەکە، بەڵام ئێستا دەڵێن، "توانای ئەم جۆرەمان نییە، تەنیا دەتوانین سەگەکان بکوژین و رادەستی تیمی شارەوانییان بکەین بۆ ژێرخۆڵکردنیان."