د. عومەر نوورەدینی: نێچیرڤان بارزانی ئەزموونێکی باشی لە چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق کۆبووەوە و بەرپرسی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت مژاری گرفتە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێکی گفتوگۆی سەرۆککۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانییە.
 
هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێک لەو مژارانەی باس دەکرێت گرفتی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت باسکراوە و هاوکات باسی ئەوەشکراوە  یەکهەڵوێستی یەکگرتوو لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی کێشەکانی ناوچەکە هەبێت و هەڵوێستێکی روون و ئاشکرا بێت.
 
هاوڕێ تۆفیق پێیوایە دەبێت پەلە لە ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، "چونکە یاسای نەوت و گاز بەشێکی کێشەکان چارەسەر دەەکات."
 
بەرپرسی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەدا لە گفتوگۆدان بۆ دروستکردنی لیژنەیەک لە نێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی کۆمار بۆ ئامادەکردنی یاسای نەوت و گز، بەڵام هێشتا لیژنەکە دروست نەکراوە.
 
ئەو بەرپرسەی سەرۆکایەتی کۆمار باسی لەوەشکرد، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ رەخنەی گرتووە لە ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران لە کۆبوونەوەکاندا و رایگەیاندووە کە کۆبوونەوە دادەنێن پەرلەمانتاران پابەند نابن بە کاتی کۆبوونەوەکانەوە، بۆیە دەیانەوێت چەند رێکارێک بگرنەبەر، "ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران یەکێکە لە هۆکارەکانی تێنەپەڕاندنی پڕۆژەیاساکان". گوتیشی: "هەمواری یاسای بودجە کە لەپەرلەمانە هۆکارێک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی مووچە لە ساڵی 2025دا"
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە رۆژی یەکشەممە 12/1/2025 سەردانی بەغدای کرد و رۆژی دووشەمممە 13/1/2025 لەگەڵ سەرکردەکانی عێراقییەکان کۆبووەوە.
 
د. عومەر نوورەدینی، مامۆستای زانکۆ لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت، "چونکە نێچیرڤان بارزانی ئەزموونێکی باشی لە خاوکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە."
 
د. عومەر نوورەدینی گوتی: "هەولێر و بەغدا بەردەوام لە پەیوەندییەکی پڕ ململانێدان، لە کاتێکدا زۆرینەی رووداوەکانی ناوچەکەش کاریگەرییان لەسەر عێراق دەبێت، عێراق لە بەرەی مقاوەمەدایە کە بەردەوام لە ململانێدایە لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە."
 
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، د. عومەر نوورەدینی دەڵێت: "هەموو رێگەکان دەچنەوە دنیای سیاسەت، بۆ جێبەجێکردنی دەستوور پێویستمان بە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە، بەڵام پابەندبوون بە دەستوور و رێککەوتنە سیاسییەکان خاڵێکی گرنگن."
 
بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کورستان ئەمڕۆ لە بەغدا 18 کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حیزبی و حکومی هەبێت.