قایمقامی سێمێل: 15 پاڵاوگەی نایاسایی داخران

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی سێمێل لە سنووری پارێزگای دهۆک رایگەیاند، دوای بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی پاڵاوگە نایاساییەکانەوە، سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک داخران.
 
دووشەممە 13-01-2025  خەلیل مەحموود، قایمقامی سێمێل بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند: "15 پاڵاوگەی نایاسایی کە لە کۆمەڵگەی پێشەسازیی کواشی کاریان دەکرد، داخران".  
 
ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەرپەرشتیی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بەشداری قایمقام و بەرپرسانی ژینگەیی، ئەمنی و کارگێڕیی پارێزگای دهۆک، کۆبوونەوەیەک لەبارەی ژینگەی سنوورەکە بەڕێوەچوو.
 
قایمقامی سێمل گوتی: "بەهۆی بارودۆخێکی تایبەت پێشتر رێگە بە هەندێک لە پاڵاوگەکان درابوو لە کواشێ کار بکەن، بەڵام ئەمڕۆ سەرجەمیان داخران و ئێستا هیچ پاڵاوگەیەک لە کواشێ کارناکات."
 
بە گوتەی قایمقامی سێمێل، هەر یەک لەو پاڵاوگە داخراوانە بیانەوێت دەست بە کار بکەنەوە، دەبێت رێنماییەکانی حکومەت جێبەجێ بکەن، ئەگەرنا دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
 
لە کۆبوونەوەی پارێزگاری دهۆک و بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان بڕیاردراوە کە هەر کارگەیەک ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە دابخرێت.
 
خەلیل مەحموود، گوتی: "هەر ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە بەدواداچوونی کاری کارگەکان چالاککراوە، سەردانی سەرجەم کارگەکان دەکات، هەرلایەنێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت ئیجرائاتی بەرامبەر دەکرێت."
 
قایمقامی سێمێل گوتیشی بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەک لە قائیمقامییەتی سێمێل بکرێت و سەرجەم بڕیارەکانی پاراستنی ژینگە جێبەجێ دەکرێن.
 
پێشتر وەکو رێکارێک کارەبای پاڵاوگە نایاساییەکانی ناوچەی کواشێ لە دهۆک بڕدرا، بەڵام قائیمقامی سێمێل دەڵێت، بڕیاریانداوە رێکاری دیکە بەرامبەر ئەو پاڵاوگانە بگرنەبەر، ئەگەر مۆڵەت وەرنەگرن، ئەو دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا دەگرن.
 
رێکارەکانی پارێزگاری دهۆک بەرامبەر پاڵاوگە و کارگەکان دوای کۆبوونەوەیەک دێن کە دوێنێ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دران کە ئەمانەن:
 
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
 
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە