رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی قەزای سێمێل رایدەگەینێت، پار 10 پرۆژەی خزمەتگوزارییان خستووەتە واری جێبەجێکردنەوە، دەشڵیت، لە دوو شوێن زەوییان بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران دیاریکردووە.
ئەندازیار موحسین عەبدولکەریم، سەرۆکی شارەوانیی سێمێل لە پۆدکاستی مژاری رادیۆی رووداو باسی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزای سێمێلی کرد: "پڕۆژەکانی پارمان لە بوارەکانی، رێگەسازی، دروستکردنی ئاوەڕۆ و زیادکردنی سەوزایی بوو، کە تێچووی سەرجەمیان نزیکەی 10 ملیار دینار بوو."
سەرۆکی شارەوانیی سێمێل ئاماژەی بەوەدا پار زۆرترین پرۆژەی قەزاکەیان لە بواری رێگەوبان بووە، چونکە لە 2014 بۆ 2020 کەمترین پرۆژەی رێگەوبانیان هەبووە، گوتیشی، بەشێک لەو پرۆژانەی ساڵی رابردوو تەندەریان بۆ کرابوو، تەواوکراون.
20 گەڕەک، یەک کۆمەڵگە و چەند گوندێک دەکەونە سنووری شارەوانیی قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک.
موحسین عەبدولکەریم دەڵێت، لە 2012 نزیکەی 10 هەزار پارچە زەوی لە قەزاکە دابەشكرا، شارەکە بەردەوام لە فراوانبووندایە و بەگوێرەی ئەو توانا داراییەی لەبەر دەستیان بووە توانیویانە شەقام بۆ نزیکەی 70٪ی گەڕەکەکان دروستبکەن.
کەمیی رێژەی سەوزایی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان قەزای سێمێلیشی لێ بەدەر نییە و رێژەی سەوزایی لە قەزاکەدا لە ئاستی پێویست نییە و کەمە.
موحسین عەبدولکەریم لەو بارەیەوە گوتی: "پارکی فەراشینمان هەیە کە رووبەرەکەی 27 دۆنمە لەگەڵ چەند باخچەیەک لەنێو شارەکەدا، بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزاییش ئێستا کار لەسەر دوو پرۆژە دەکەین و لە جێبەجێکردان کە یەکێکیان پارکێکی گشتییە لە نێو شارەکە، هەروەها لە دەروازەی شارەکە بە ئاراستەی زاخۆ بە درێژایی 3 کیلۆمەتر سەوز دەکرێت."
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ی ئاداری 2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.
موحسین عەبدولکەریم گوتی: "بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، ئامادەکاری پێویستمان کردووە بۆ تەرخانکردنی زەوی و لە دوو شوێن زەویمان دیاریکردووە و ئێستا لە قۆناخی رەزامەندی کوژاندنەوەدایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ