ئەنجوومەنی موەلیدەکان: 65 خاوەن موەلیدە سزادراون

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی شارەکەش دەڵێت، چاوپۆشی لە خاوەن موەلیدەکان ناکەن، ئەگەر ببنە هۆکاری پیسکردنی ژینگە و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکەن.
 
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 13-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە یەک ساڵی رابردوودا 369 خاوەن موەلیدە لەلایەن قایمقامیەتی هەولێر و لیژنەکانی ئێمەوە بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە ئەو کێشانە چارەسەر بکەن کە دەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە."
 
بە گوتەی خۆران خۆرانی، ئەو خاوەن موەلیدانەی بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە لە چەند رۆژێکی دیاریکراودا کێشەکانیان چارەسەر کردوون.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتیشی، "هەر لەو ساڵەدا 65 خاوەن موەلیدە بەهۆی پیسکردنی ژینگەوە سزای مادی دراون، بەڵێننامەشیان پێ پڕکراوەتەوە کە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و نەبنە هۆکاری پیسکردنی ژینگە."
 
دوێنێ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەولێر و دهۆک، چوار خاڵی خستەڕوو کە یەکێکیان تایبەت بوو بە خاوەنی موەلیدەکان و تێیدا هاتبوو، "پابەندی رێنوێنییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
 
خۆران خۆرانی دەڵێت، "لەنێو هەولێردا جگە لە حەوت موەلیدە کە کێشەی شوێنیان هەیە و رێگە نادرێت موەلیدە بگۆڕن، تەواوی موەلیدەکان کراون بە بێدەنگ. ئەوانەشی کێشەی شوێنیان هەیە، لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانداین."
 
لەنێو شاری هەولێر 1157 موەلیدە هەن. لە هەولێر و دەوروبەریشی ژمارەی موەلیدەکان دەگاتە 2650 موەلیدە.
 
بەگوێرەی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، هەر موەلیدەیەک دەنگی بەرز بێت یان دووکەڵ بکات یان دەوروبەری خۆی بە گازوایل پیس بکات، خاوەنەکەی لەنێوان 250 هەزار بۆ ملیۆنێک دینار سزا دەدرێت.
 
دوای کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە پاراستنی تەندرووستی هاووڵاتییان و ژینگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوا بە لای ئێمەوە زۆر گرنگە و ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتە و لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، رێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا و ژینگە و سزادانی سەرپێچیکاران بگرنەبەر."
 
دوێنێ چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دران کە ئەمانەن:
 
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
 
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.
 
هەر دوێنێ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەت بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکە لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "رێکاری تووند بەرامبەر هەر کەسێک دەگرینەبەر کە دەبێتە هۆی پیسکردنی ژینگە و سازش لە سەر هیچ شتێک ناکەین کە پەیوەندی بە تەندروستیی هاووڵاتییانەوە بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەزای سۆران.

کارەبای سۆران: حوزەیرانی ئەم ساڵ کارەبای سەرجەم گەڕەکەکانی سۆران دەبێتە 24 کاژێری

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای سۆران رایگەیاند، ئامادەکارییان کردووە لە مانگی 6ی ئەم ساڵدا، كاره‌بای ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كانی سەنتەری شاری سۆران دەکەنە 24 كاژێری.