لە 5 شاخەوانەکەی نەغەدە چارەنووسی 3 کەسیان دیار نییە

رووداو دیجیتاڵ 

15 تیمی شاخەوانی و یارمەتیدەر بۆ رزگارکردنی 3 شاخەوان کە رۆژی هەینی لە شاخی رندۆڵە لە نزیک شاری شنۆ کەوتنە ژێر رنووی بەفر، چوونە ئەو چیایە. شاخەوانەکان 5 کەس بوون و 2 کەسیان رۆژی هەینی رزگارکران.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-1-2024، 5 کەس لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی کاوایانی نەغەدە بۆ شاخەوانی چوونە شاخی رندۆڵە لە ناوچەی شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێ و رۆژی هەینی رنووی بەفریان بەسەردا هات.
 
رۆژی هەینی، 12-01-2024 ، دەیان شاخەوان، هاونیشتمانیی دیکە و کارمەند لە فەرمانگە حکومییەکانی وەک مانگی سووری شاری شنۆ چوونە شاخی رندۆڵە بۆ ئەوەی شاخەوانەکان رزگار بکەن، بەڵام بەهۆی کڕێوە و خراپی کەشوهەواوە نەیانتوانی هەموو شاخەوانەکان رزگار بکەن.
 
موبین جسمی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی کاویانی نەغەدە و یەکەم کەسی رزگاربوو، لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو رووداوەدا دەڵێت، "کاژێر 6:30 خولەکی بەیانی، خێوەتەکانمان کۆکردنەوە و کاژێر نزیکەی 8:30 خولەک بوو کە رنوو بە سەرماندا هات."
 
موبین جسمی دەڵێت، "کە ئاوڕم دایەوە، بینیم رنوو هات؛ هیچ شتی دیکەم بیر نییە؛ بە هەر جۆرێک بوو دەستم لە بن بەفرەکەوە دەرهێنا و هاتمە دەرەوە و نزیکەی دوو بۆ سێ کاژێر بە شوێن ئەوانی دیکەدا گەڕام، بەڵام بە داخەوە دیسان رنوو هات."
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، "پەرجوو بوو کە رزگارم بوو؛ هێشتا پێم سەیرە."
 
دوای موبین جسمی، سەلام بەهمەن یار، ئەندامێکی دیکەی گرووپی شاخەوانیی کاویان رزگار کرا و تیمەکانی مانگی سووری شاری شنۆ بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئەو شارەیان گواستەوە.
 
بەرپرسی تەندروستیی شاری شنۆ دەڵێت، تەندروستیی ئەو دوو شاخەوانە جێگیرە، بەڵام موبین جسمی بۆ پشکینی پزیشکیی زیاتر رەوانەی شاری ورمێ کراوە.
 
عەلی تورابی، قایمقامی شاری شنۆ، بەیانی ئەمڕۆ گوتی، 15" گرووپی شاخەوانی کە لە شارەکانی دیکەوە خۆیان گەیاندووەتە شنۆ، هەوڵ بۆ دۆزینەوەی سێ شاخەوانەکەی دیکە دەدەن".
 
بە گوتەی قایمقامی شاری شنۆ، بەهۆی بارینی بەفر و بای توندەوە، دەرفەتی فریاکەوتنی ئاسمانی نییە.