تورکیا گیانلەدەستدانی 45 شەڕڤان و گەریلا رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا کۆتاییهات و سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماریی تورکیا راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان کردەوە. گیانلەدەستدانی 45 شەڕڤان و گەریلاشی لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان لە ئەنجامی هێرشەکانیاندا راگەیاند.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ شەممە، 13-1-2024، بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە نووسینگەی دۆڵمەباخچە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو و ماوەی کاژێرێک و نیوی خایاند. لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆ؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری؛ مەتین گوراک، سوپاسالار؛ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی رێکخستنەکانی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (MIT)؛ فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماریی تورکیا و ئاکیف چاغاتای کڵچ، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی سەرۆککۆماری تورکیا بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کرد.
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا 45 "تیرۆریست" لە عێراق و سووریا کوژراون
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماریی تورکیادا هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا بەرەنگاربوونەوەمان لەگەڵ تیرۆر بە شێوەیەکی فراوان هەڵسەنگێندرا. ئەو هێرشە ناپاکانەیەی دوێنێ لە باکووری عێراق-ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ قوفڵ تاوتوێکرا و باس لەو هەنگاوانە کرا کە لەوێ ناومانن و دەیاننێین. لە دوای ئەو هێرشە ئۆپەراسیۆنمان دەستپێکرد و لە باکووری عێراق 36، لە باکووری سووریاش 9؛ کۆی گشتی 45 تیرۆریست ناچالاک کراون".
تورکیا: رێگە بە دامەزراندنی 'تیرۆرستان'ێک لە سنوورەکانی باشوورمان نادەین
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی تورکیا، لە راگەیێندراوەکەدا باس لە پێداگریی ئۆپەراسیۆنەکان کراوە و هاتووە: "ئۆپەراسیۆنەکان تا ئەو کاتەی زۆنگاوەکانی تیرۆر لە عێراق و سووریا بە تەواوەتی وشک دەبن، بەردەوام دەبن. رێکخراوی جوداخواز کلە لە نێوخۆی وڵات گەیشتوونەتە خاڵی لەنێوچوون، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دەرەوەی سنوور، زیانی زۆریان بەرکەوتووە".
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماریی تورکیا هەروەها باسی لەوە کردووە کە تا پەکەکە زیاتر تینی بۆ دێت، هەوڵەکانی دووبارە زیندووکردنەوە و هەستاندنەوەی خێراتر دەبن. لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە هەر بیانوو و هۆکارێک بێت، تورکیا هەرگیز رێگەی دامەزراندنی 'تیرۆریستان'ێک لە سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی نادات".
"مافی بەرگری لەخۆکردن بەکاردەهێنین"
تورکیا هەروەها جەختیکردووەتەوە بە بەکارهێنانی مافی بەرگری لە خۆکردن، لە هەر کوێیەک هەڕەشە ببینێت، بێ ئەوەی گرنگی بەوە بدات کە کێ پشتگیرییان دەکات، ئەو هەڕەشانە لەنێودەبات. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەشدا سەرەخۆشی لەو سەربازانەی تورکیا کراوە کە رۆژی هەینی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن گەریلای پەکەکەوە کوژران.
تورکیا کوژرانی 9 سەربازی خۆی پشتڕاستکردووەتەوە
رۆژی هەینی، 12-1-2024، پێکدادان لە نێوان سەربازانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە روویدا؛ کاژێر 05:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 13-1-2024، وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی 9 سەربازی سوپاکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، چوار سەربازی دیکە بریندارن.
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، یەک لە کوژراوەکان ئەفسەرێکە بە پلەی ملازمی یەکەم و ناوی سەربازە کوژراوەکانیش بەمشێوەیەن: ملازمی یەکەم گۆکهان دەلەن، سەرکان ساین، موسلوم ئۆزدەمیر، کەمال باتور، ئەمروڵڵا گولمەز، هاکان گیون، ئەحمەد کۆرئۆغڵو، موراد ئاتار و محەممەد ئێڤجین.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، گەریلاکانی پەکەکە لە هەوڵی دزەکردن بوون بۆ سنوورەکانی تورکیا و لەلایەن سەربازانەوە لە بنکەی زاپ لە پارێزگای دهۆک رێگریان لێکراوە. بەو هۆیەوە پێکدادانی سەخت روویداوە و ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی 12 گەریلاش کردووە.
بەمەش، وەک لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 131 سەرباز.
لای خۆیەوە، رۆژی هەینی ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە رایگەیاند، هێزی گەریلا کاژێر 17:05 خولەک لە ناوچەی زاپ لە سێ قۆڵەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی هێزەکانی سوپای تورکیا؛ لانیکەم نۆ سەرباز کوژراون و 17 سەربازی دیکەش بریندارن. دۆخی هەشت لە سەربازە بریندارەکان ناجێگیرە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە.