نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران: باپیرمان سەرکەوتنی بەدەستبهێنایە دەوڵەتێکی ئیسلامیی کوردیی دادەمەزراند

13-01-2024
کاوە ئەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شێخ ئەبدولیلا فرات، نەوەی شێخ سەعیدی پیرانە، لە بەرنامەی پەنجەمۆری رووداو دەڵێت، ئەگەر شێخ سەعید سەرکەوتنی بەدەستبهێنایە، لەگەڵ ئەوەی کە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانیشەوە دژایەتی بکرایە، بەڵام دەوڵەتێکی ئیسلامی دادەمەزراند و پەیڕەوی شەریعەتی دەکرد.
 
شێخ ئەبدولیلا فرات لە بەرنامەی پەنجەمۆردا لەگەڵ کاوە ئەمینی پێشکێشکار دەکەوێتە گفتوگۆیەکی قووڵ. لە سەروەختی لەدایکبوونی شێخ سەعیدی پیرانەوە تاوەکو قۆناخەکانی خوێندن و سەرهەڵدانی شۆڕش و زۆر بابەتی دیکە گفتوگۆ دەکەن.
 
لە بەرنامەکەدا، شێخ ئەبدولیلا فرات ئاشکرای دەکات، ماڵباتی شێخ سەعید لە پاش شەهیدکردنی ئیمام حوسێن چوونەتە ئێران، لەوێ لەسەر چیای بادەمیار، لە نزیک تەورێز نیشتەجێبوون، لە سەردەمەکانی دواتردا چوونەتە باکووری کوردستان.
 
لە جێگەیەکدا، پێشکێشکاری پەنجەمۆر پرسیاری لێدەکات، ئایا شێخ سەعید لە لایەنی سەربازییەوە ئەوەندە بەهێزبوو کە بتوانێت رووبەڕووی تورکەکان بووەستێتەوە؟ ئەبدولیلا فرات لە وەڵامدا چیرۆکی فاتمە خانی هاوژینی شێخ سەعید دەگێڕێتەوە کە ویستوویەتی رێگەی لێبگرێت لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ تورکەکان، بەڵام شێخ سەعید نموونەی ئیمام حوسێنی بۆ هێناوەتەوە و پێی دەڵێت، "فاتیمەی ژنی حەزرەتی حوسێن وەکو تۆ هەمان شتی بە مێردەکەی گوت، حەزرەتی حوسێن وەڵامیدایەوە، "دەچمە جیهاد و ئێوەش پەرێشان دەبن، بەڵام ناموستان لەکەدار نابێت".
 
لێرەوە سەیری کۆی بەشی یەکەمی بەرنامەکە بکە:
 
 
دەقی بەرنامەی پەنجەمۆر - بەشی یەکەم لەگەڵ شێخ ئەبدولیلا فرات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران:
 
بینەران و بیسەرانی خۆشەویست، سڵاوتان لێبێت، خۆشحاڵین لە بەرنامەیەکی دیکەی پەنجەمۆر لەگەڵ ئێوەی خۆشەویستداین. لەبەرنامەی ئەمجارەدا میوانداری شێخ ئەبدولیلا فرات ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی تورکیا، هەروەها نەوەی شێخ سەعیدی پیرانمان کردووە. لەم بەرنامەیەدا دەمانەوێت لەسەر سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران و کاروخەباتی شێخ ئەبدوڵیلا فرات کە بۆخۆی دوو دەورە ئەندامی پەڕلەمانی تورکیا بووە، بکەین.
 
رووداو: یاشێخ بەخێربێیت بۆ بەرنامەی پەنجەمۆر. 
 
ئەبدولیلا فرات: زۆر سوپاستان دەکەم، سڵاو و رێزی  خۆم بۆ کوردستان دەنێرم. خوای گەورە خۆشی و کامەرانی و دادپەروەری (عەدالەت) بڕژێنێت بەسەر خەڵکی کوردستان دا، سوپاسی ئێوە دەکەم کە ئێمەتان لەیادبووە. ئێمە لەهەرچوار لای کوردستانەوە هەمیشە دەستەودوعاین بۆ کوردستانی عێراق، هیوادارین باش و دادپەروەربن، خۆیان بە خاوەنی خەڵکی کوردستان بزانن، ماڵەگەورەکان دەبێت بە باشی چاویان لە خەڵکەیان بێت و بیانپارێزن، دادپەروەرانە هەنگاوهەڵهێننەوە، زوڵم لە خەڵک نەکەن، جیاوازی لەنێوان خێزانەکاندا نەکەن، هیوادرم دادپەروەری حکومەتی کوردستانی عێراق لە دنیادا دەنگ بداتەوە، خەڵک بڵێت ئەوانە حەوت هەزار ساڵە بندەستن، بەڵام دەوڵەتێکیان بنیاتناوە دادپەروەری تێدایە، نەتەوەی کورد بنەدەستە و زوڵمی لێکراوە، دراوسێکانمان واتە تورک و عەرەب و عەجەم بەردەوام زوڵمیان لە ئێمە کردووە، نەفرەتیان لە ئێمە کردووە.  
 
رووداو: ئێمە لە درێژەی بەرنامەکەدا باسی زوڵم و زۆری ئەوانە دەکەین، بەڵام با بە پرسیار لەسەر کەسایەتی شێخ سەعید و بنەماڵەکەتان دەست پێ بکەین، لەگەڵ ناوهێنانی شێخ سەعید دا، پاشناوی پیران دەبیستین، بەڵام دەڵێن ئەو خەڵکی پیران نییە، ئەو پاشناوە لە کوێوە هاتووە؟ 
 
ئەبدولیلا فرات: من پێش گفتوگۆکە بۆتم باس کرد کە ماڵباتی شێخ سەعید خەڵکی ئێرانن، دوای شەهیدبوونی حەزرەتی حوسێن چوونەتە ئێران و لەوێ نیشتەجێ بوون، لەسەر چیایی بادەمیار (بادمیار) ماونەتەوە و خەریکی دیراسەت و شێخایەتی بوون.
 
رووداو: بادەمیار نزیکی شاری تەورێز؟
 
ئەبدولیلا فرات: بەڵێ، شەست کیلۆمەتر لە تەورێزەوە دوورە، لەوێ زۆر زانای بەناوبانگ پەیدابوون، قۆڵێکی تەریقەتی نەقشەبەندی (نووربەخشی) لەوێوە پەرەی سەندووە، بەڵام لەلایەن شای ئێرانەوە زوڵمیان لێدەکرێت، عەشیرەتی دملییەکان لەو دەڤەرەدا ژیاون، دوای راوێژ کردن دەڵێن شا ئیسماعیلی سەفەوی زوڵممان لێدەکات، باشترە کۆچ بکەین، لەناو خۆیاندا پرسیار دەکەن، بەرەو کوێ کۆچ بکەین؟ دەڵێن بەرەو کوردستانی تورکیا، بەوشێوەیە عەشیرەتی دملییەکان بەسەر دیاربەکر و بینگۆل و موش و ئەو دەڤەرانەدا بڵاودەبنەوە. دوای سی – چل ساڵ، باوکی شێخ سەعید، شێخ محەممەد بادەمیاری کە کوڕی سەید موسایە، دیارە ئێمە و بەرزنجییەکان ئامۆزای هەقی یەکترین، ئەوان زادەی سەید عیسا و ئێمەش زادەی سەید مووساین. سەید محەممەد لەلایەن شا ئیسماعیلی سەفەوییەوە شەهید دەکرێت، دوای ئەوە نەوەکانی کە هەمویان زانا و شێخ بوون، بڕیاری کۆچکردن دەدەن و دێنە پیران، ئێستا شارۆچکەیەکە.
 
رووداو: شێخ سەعید لە کوێ لەدایکبووە؟
 
ئەبدولیلا فرات: شێخ سەعید لە (پاڵێ) لەدایکبووە، کە کۆچ دەکەن نزیکەی پەنجا – شەست ساڵ لەوێ دەمێننەوە. دوای ئەوە دێنە دیاربەکر، گوندێک هەیە ناوی (سەبتی ئۆلی ئۆلیا)یە، لەو شوێنە ئەشکەوتی گەورە گەورەی لێییە، جێگای سەرنجە لە (بادەمیار)یش ئەشکەوتی گەورەی لێییە، من خۆم سەردانی بادەمیارم کردووە و ئەشکەوتی زۆر گەورەم بینی، لەو شوێنانەدا کەرامەتی گەورە خوڵقاون و پەیدابوون. 
 
 
رووداو: ئەگەر ئێمە زیاتر لەسەر مێژووی سەرهەڵدانی شێخ سەعید قسە بکەین، شۆڕش چۆن دەستی پێکرد؟
 
ئەبدولیلا فرات: دوای ئەوەی کە باپیرانی ئێمە بەرە دیاربەکر کۆچ دەکەن، ئەوکاتە سوڵتام مورادی چوارەم (١٦١٢ تا ١٦٤٠) دەڵێت دەبێت بەغدا رزگار بکەم، داوای هاوکاری لە باپیرەمان دەکات، سەید هاشم کە دەکاتە باپیرەی سێزدەیەمی ئێمە، زانایەکی گەورە بووە، مامۆستا بووە، سوڵتان موراد داوای لێدەکات کە فتوای داگیرکردنی بەغدا بدات، بەڵام ئەو رەتیدەکاتەوە و دەڵێت زانایانی موسڵمان لەسەر ئەوە رێکەوتوون کە ئەگەر لە وڵاتێکدا تەنیا یەک ماڵی موسڵمانی تێدابێت، نابێت داگیر بکرێت!
 
سوڵتان موراد دەچێت بەغدا داگیردەکات، لە کاتی گەڕانەوەیدا هەموو بنەماڵەکە کۆمەڵکوژ دەکات، واتە سەید هاشم کالکی شێخ سەعید ئەفەندی و مامی سەید عەزیز ئومەری، نزیکەی دووسەد بۆ سێسەد کەس لە مورید و زاناکانیان دەکوژێت. بەوشێوەیە ماوەیەک بێدەنگیان دەکەن. دواتر دێنە ناوەندی دیاربەکر، ماوەیەک شێخ عەلی پالۆیی کە کالکی شێخ سەعید بووە، دەبێتە موفتی دیاربەکر. لەسەردەمی عوسمانییەکاندا نوێنەرایەتی شێخولئیسلام هەبووە، پێنج بۆ شەش نوێنەری هەبوون، یەکێکیان لە ئومەلی بووە، یەکێکیان لە کۆنیا، یەکێک لە موسڵ، نوێنەرێک لە حەلەب و نوێنەرێکیش لە دیاربەکر بووە، نوێنەری دیاربەکر کالکی شێخ سەعید بووە، لەقەبەکەیان (سەپتییە)، بە ئەولادەکانی حەزەرتی رەسوڵ دەڵێن سەپتی. دواتر شێخ سەعید لەدایک دەبێت، باپیرەی ناوی دەنێت سەعید، چونکە بەلای ئەوەوە هەم بۆخۆی سەعیدە، هەم باوکی ناوی سەعیدە، هەم خۆیشی ناوی محەممەد سەعیدە. زۆر بە دیقەتەوە دەیخەنە بەر خوێندن، لەسەردەستی مودەریس (مامۆستای) گەورە خوێندنەکەی تەواو دەکات. لەسەردەمی عوسمانییەکاندا هەندێک یاسا دەردەکرێن کە موخالفی یاساکانی ئیسلام دەبن و شێخ سەعید ئەفەندی ئەو قانونانەی پێ قبوڵ ناکرێت، پێوایە ئەوە ناعەدالەتییە، بۆیە وەڵامیان دەداتەوە. ئەوەبوو ساڵی 1917مستەفا کەمال ئەتاتورک دەبێتە فەرماندەی سوپا لە دیاربەکر، هەموو شێخەکانی کوردستان کۆدەکاتەوە و پێیان دەڵێت: من دەمەوێت هاوکارییەکی گەورەی ئێوە بکەم، ئەوا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەڵوەشاوەتەوە، عەرەبستانمان لەدەست دەرچوو، هەموو جێگاکانمان لەدەست داوە، ئەوە ئەستەنبووڵیشمان لەدەست دەردەچێت، تەنیا شەرق ماوە (مەبەستی کوردستانە) کە حکومەتێکی تێدا دروست بکەین، من هاوکاری ئێوە دەبم! بەڵام شێخ سەعید ئەفەندی قبوڵی ناکات و بە مستەفا کەمال دەڵێت ئەگەر تۆ ئەوەندە نەتەوەپەروەری بڕۆ وڵاتەکەی خۆت رزگاربکە، خەڵکی کوردستان خۆیان نەتەوەپەروەرن، ئاینپەروەرن و ژێردەستەیی قبوڵ ناکەن، ئەوان دەتوانن بەربەرەکانێی خۆیان درێژە پێبدەن، بۆیە ئێمە پێویستیمان بە هاوکاری ئێوە نییە، ئێمە نابینە هۆکاری فەسادی. ئەوەبوو ( رێکخراوی ئازادی) دامەزرا.
 
رووداو: ئازادی چی بوو، حیزب بوو، کۆمەڵە بوو، رێکخستن بوو، کێ (ئازادی) دروست کرد؟ 
 
ئەبدولیلا فرات: دیارە ئامانجی ئەوان کوردستانێک بووە!
 
رووداو: باشە ئەوانە حیزب بوون، کۆمەڵەن چین؟
 
ئەبدولیلا فرات: لەسەردەمی عوسمانییەکاندا، قوتابخانەیەک بۆ نەوەی ئاغالەرە کوردەکان دروست دەکرێت، لەو قوتابخانەیەدا منداڵانی کورد دەیانخوێند، هەندێکیان بوون بە زابت و ئەفسەری پلەدار، قایمقام و والی. کوردە رۆشنبیرە (منەوەرە)کانی عوسمانی کۆدەبنەوە و بڕیار دەدەن رێکخراوێک دامەزرێنن و دەست بە خەبات بکەن، بەڵام خەباتەکەیان سەرناگرێت، لەلایەن حکوومەتەوە دەگیرێن. 
 
رووداو پەیوەندی شێخ سەعید ئەفەندی لەگەڵ رێکخراوی ئازادی چۆن بووە، ئەو خۆی ئەندام بووە لە رێکخراوەکەدا؟
 
ئەبدولیلا فرات: لەناویاند نەبووە، بەڵام هاوکاری کردوون. سەید عەبدولقادر سەرکردایەتی رێکخراوی ئازادی کردووە، سەید عەبدولقادر دەڵێت، دەبێت لە کوردستان کاری رێکخستنی ئازادی تەسلیم بە شێخ سەعید بکرێت، بەڵام شێخ سەعید رەتیدەکاتەوە و قبوڵی ناکات ببێتە سەرۆکیان. ئەوەبوو خالید بەگی جوبری و زیاد بەگ و منەوەرە کوردەکان دەستگیر دەکرێن، هەندێکیشیان بەرەو سنوور هەڵدێن. دوای ئەوە دەوڵەت بانگی شێخ سەعید ئەفەندی دەکات دەبێت لەبەردەمی دادگە ئامادەبێت بۆ دادگەیی کردن، بەڵام شێخ سەعید پێیان دەڵێت: من پیاوێکم تەمەنم 75 ساڵە ناتوانم ئامادەبم، بۆیە خەڵکەکەی کۆدەکاتەوە و داوا لە مامۆستایان و شوێنکەوتووەکانی دەکات بڕیاری دامەزراندنی شورایەک لە نزیک خنوسێ دەدات و پێیان دەڵێت ئەگەر من بگرن بەبێ شک و گومان دەمکوژن، بۆیە داوادەکەم بەربەرەکانێ بکەین، هەوڵبدەین ئەو کوردانەی لەلایەن تورکەکانەوە گیراون ئازاد بکەین. دواتر دەچێتە دەڤەری سوشار و لەوێش شورا دروست دەکات، پاشان دەچێتە بینگۆڵ و قابلۆغ لەوێش شورا دادەمەزرێنێت، بەو شێوەیە بەناو خەڵکدا دەگەڕێت.
 
رووداو: کەواتە شێخ سەعید پلانی دەستپێکردنی سەرهەڵدانێک دادەنێت؟
 
ئەبدولیلا فرات: بەڵێ، هەر لەوکاتەدا شێخ سەعید بەیاننامەیەک دەردەکات و دەڵێت ئەگەر مافەکانمان دەستبەر بکەن باشە و وەکو برای یەکتری دەمێنینەوە، دەنا دەبێت بەرخۆدان (موجادەلە) بکەین. شێخ سەعید پێداگری لەسەر مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان دەکات، بۆ ئەوەش بەڵگەمان لەبەردەستدایە.
 
رووداو: یاشێخ، دەربارەی پەیوەندی شێخ سەعید و خالید بەگی جوبری، ئایا ئەوان پەیوەندی و تێکەڵاویان هەبووە؟
 
ئەبدولیلا فرات: خالید بەگ لەناو عەشیرەتە کوردەکاندا کەسێکی زۆر ناوداربووە، خەڵک خۆشیان ویستووە، خۆی بە سەرۆک دەزانی، بەڵام زۆر خۆی لە شێخ سەعید نەگەیاندووە و پێی گوتووە تۆ شێخی، خەبات و تێکۆشان بۆ ئێمە بەجێبهێڵە، تۆش خەریکی شێخایەتی خۆت بە و دوعامان بۆ بکە. شێخ سەعید ئەو قسەیەی زۆر پێناخۆش دەبێت.
 
لەو سەردەمەدا شێخ سەعید لە ئەرزەڕۆم بووە، لەگەڵ دوو مامۆستا و فەقێی خۆی لە ئەرزەڕۆم خالید بەگی بینیوە، کات نیوەشەو بووە کە ئەو قسەیەی بە شێخ سەعید گوتووە، شێخ سەعید لەوەڵامدا بە خالید بەگ دەڵێت پەیوەندی من و تۆ لێرەدا کۆتایی دێت چونکە من ناتوانم لەگەڵ تۆ پەیمانێک ببەستم، هەریەکەمان بیروباوەڕێکمان هەیە، بۆیە داوا لە مامۆستا و فەقێکان دەکات کە هەستن بڕۆن، ئیتر سواری ئەسپەکانیان دەبن و دەچنە مزگەوت نوێژەکانیان دەکەن، سواری ئەسپەکانیان دەبن و دەچن بۆلای سەلیم بەگی مادراگ، سەرۆکی عەشیرەتی گەورەی زرگان بووە، لە شێخ سەعید دەپرسێت، ئەفەندی چۆنە وا بەم شەوە هاتوویت؟ بەڵام شێخ سەعید هیچ ناڵێت. لە مامۆستاکان دەپرسێت، خێرە شێخ سەعید دوێنێ رۆیشت و ئەمڕۆ گەڕایەوە؟ ئەوانیش دەڵێن لەگەڵ خالید بەگ کەوتنە گفتوگۆوە، ئیتر شێخ ئەفەندی گەڕایەوە. 
 
رووداو: باشە باس لەوە دەکرێت کە تورکەکان شێخ سەعیدیان جوڵاندووە (تەحریکیان کردووە) کە زووتر دەست بە سەرهەڵدانەکەی بکات؟
 
ئەبدولیلا فرات: ئەوە دواترە، شێخ سەعید ئەفەندی بڕیاری خۆی دەدات کە بەربەرەکانێ بکات و تەسلیمی دەوڵەتی تورکیا نەبێت، خۆی بەتەنیا دەست پێ دەکات، کاتێک لە خنوس شورا دادەمەزرێنێ، شێخ بەهادینی برای موفتی خنوسێ دەبێت، بە شێخ سەعید دەڵێت ئەفەندی، راستە میللەتی کورد خەڵکێکی باشن بەڵام ترسنۆکن و زۆر لە دەوڵەت دەترسن، حەیفە خۆت فیدا (قوربانی) مەکە، بەتەنیا بەجێت دەهێڵن! شێخ سەعید لەوەڵامدا دەڵێت: حەزرەتی عەبدوڵڵا ئیبن عەباسیش هەمان شتی بە حەزرەتی حوسێن گوت، ئەبو حەنیفە کە زانایەکی گەورەبووە بە حەزرەتی حسێن دەڵێت مەڕۆ، بەربەرەکانێ مەکە، لاواز دەبیت ناتوانیت لە یەزدی ببەیتەوە، بەڵام حەزرەتی حوسێن لە وەڵامدا دەڵێت ئەگەر بەتاقی تەنیاش بێت دەبێت رووبەڕووی ئەو زوڵمە ببمەوە، ئێستا منیش وەکو حەزرەتی حوسێن ئەگەر چەکیشم بەدەستەوە نەبێت، بەخۆم و تەزبیحەکەی دەستمەوە رووبەڕووی مستەفا کەمال دەبمەوە. 
 
رووداو: هۆکاری سەرهەڵدانی شێخ سەعید مەسەلەیەکی نەتەوەیی بووە یان مەسەلەیەکی ئایینی، یاخود هەردووکیان؟
 
ئەبدولیلا فرات: ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە کە هەندێک فراکسیونی نوێی کورد تێی کەوتوون، هەڵەیەکی گەورە دەکەن، ئاخر خۆ ئەو خەڵکەی لە کوردستانی ئەو سەردەمەدا دەژیان لە سەدا 95ی کورد بوون، موسڵمان بوون، دیارە ئەگەر شێخ سەعید ئەفەندی سەرکەوتنی بەدەستبهێنایە، لەگەڵ ئەوەی کە لەلایەن هێزە نێونەتەوەییەکانیشەوە دژایەتی بکرایە، بەڵام دەوڵەتێکی ئیسلامی دادەمەزراند، پەیڕەوی شەریعەتی دەکرد، بەڵام دەوڵەتێکی ئیسلامی کوردی دەبوو، بە نەتەوە کورد، بەڵام حوکمدارییەکی ئیسلامی، بەو شێوەیە دەبوو. 
 
رووداو: بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەڵێن، شێخ سەعید ویستوویەتی سەرلەنوێ خەلافەتی عوسمانی زیندووبکاتەوە؟
 
ئەبدولیلا فرات: شێخ سەعید ئەفەندی دەڵێت، عوسمانییەکان، میسرییەکان، عەباسی و ئەمەوییەکان بوون بە خەلیفە، بۆ ئێمە شەخسەکان گرنگ نین، بەڵام خەلافەت ئیستیفادەی هەیە، هاوپەیمانی و یەکگرتووی لەنێو موسڵماناندا دروست دەکات، بۆ ئێمە دامودەستگاکان گرنگن، لە حاڵەتێکی وادا کە موسڵمانان لەناو دەوڵەتێکی کۆمارییدا دەژین، خەڵک خۆیان خەلیفەیەک بۆ خۆیان دیاری بکەن.
 
رووداو: شێخ سەعید نەیدەیوست خۆی ببێتە خەلیفە؟
 
ئەبدولیلا فرات: نەخێر.
 
رووداو: شێخ سەعید وەکو موجاهیدێک سەیری خۆی دەکرد؟
 
ئەبدولیلا فرات: ئێ خۆ دیارە، کاتێک لە قورئاندا لەسەر جیهاد 500 ئایەت هەبێت و باسی جیهاد کراوە، شێخ سەعید ئەفەندیش زانایەکی گەورە بووە، پەیڤدارێکی گەورەبووە، کۆڵەکەیەکی گرنگی ئایین بووە، بێگومان لە بەرانبەر 500 ئایەتدا کە باسی جیهادی تێداکراوە ملکەچ دەبێت و خۆی بە موجاهید حساب دەکات، هیچ کاتێکیش ئینکاری ئەوەی نەکردووە.
 
رووداو: زۆربەی ئەوانەی جیهادیان کردووە خۆیان بوون بە دەسەڵاتدار، بۆچی ئەو نەبوو بە دەسەڵادار؟
 
ئەبدولیلا فرات: جیهاد چییە، جیهاد دژی زوڵم و زۆردارییە، دژی رژێمێکی نائایینیە، کاتێک یەکسانی و عەدالەت هەبێت، وەزعت باش بێت و برسی نەبیت، ئیتر چی لە جیهاد دەکەیت؟ بەڵام لەو سەردەمەدا زوڵم و زۆرداری هەبوو، بندەستی هەبوو، نەیاندەهێشت خەڵک پێشبکەوێت، نەیاندەهێشت خەڵک ئازاد بێت، نادادپەروەری هەبوو، ئێ لەو حاڵەتەدا ئەگەر تۆ ئیماندار بیت ناچاریت پەنا بۆ جیهاد ببەیت، هیچ رێگەیەکی دیکەت بۆ ناهێڵنەوە. کەواتە شێخ سەعید ئەفەندیش موجاهید بووە و جهیادی کرد. 
 
رووداو: کاتێک شۆڕش دەستپێدەکات، خالید بەگی جوبری لە بتلیس زیندانی دەبێت، بۆچی شێخ سەعید رووی لە بتلیس نەکرد بۆ ئەوەی خالید بەگ ئازاد بکات، لەجیاتی ئەوە رووی لە دیاربەکر کرد؟
 
ئەبدولیلا فرات: من باسی ئەوەم بۆ کردیت، کاتێک خالید بەگ لە ئەرزەڕۆم دەستگیر دەکەن، بڕیار دەدەن هێزێک بنێرن شێخ سەعیدی ئەفەندیش لە خنوسێ دەستگیربکەن و مەحکەمەی بکەن، بە شێخ سەعید دەڵێن دەبێت بچیت ئیفادە بدەیت و دەستگیرت دەکەن، بەڵام هاوکات پێی دەڵێن مەچۆ، ئەوەبوو شێخ سەعید دەست بە دروسکردنی شورا و راوێژ دەکات.
 
رووداو: باشە شێخ سەعید لە لایەنی سەربازییەوە ئەوەندە بەهێزبوو کە بتوانێت رووبەرووی تورکەکان بووەستێتەوە؟
 
ئەبدولیلا فرات: شێخ سەعید بە براو کەسەکانی دەڵێت، ئەگەر من بەتەنیابم، ئەگەر تەسبیحەکەم تەنیا چەکی دەستم بێت، دیسان بەرانبەریان دەوەستمەوە و جیهاد دەکەم، بەڵام ئەوەی کە سەردەکەوم یان نا، دەکوژرێم یان دەژیم، بەلامەوە گرنگ نییە. دوای ئەوە سواری ئەسپەکەی دەبێت، فاتمە خانی ژنی شێخ سەعید دێتە سەر رێگاکەی و دەست بەگریان دەکات و پێی دەڵێت: باشە تۆ منداڵی وردت هەن، ئەو خەڵکە شوێن تۆ کەوتووە، تۆ بۆکوێ دەچیت، بۆچی دەتەوێت ببیت بەهۆکاری سەرگەردانی و پەرێشانی ئێمە؟
 
شێخ سەعید وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: فاتیمە، فاتیمە، ژنی حەزرەتی حوسێن کچی کیسرا بوو، ژنێکی زۆر مەعقول بوو، ئەویش وەکو تۆ هەمان شتی بە مێردەکەی گوت، حەزرەتی حوسێن بۆ کوێ دەچیت؟ ئەویش وەڵامی دایەوە، دەچمە جهیاد کە لەسەرمان فەرزە و پێیان دەڵێت دەزانم پەرێشان دەبن بەڵام ناموستان پارێزراو دەبێت، بۆیە منیش هەمان بەڵێنی حەزرەتی حوسێنتان پێ دەدەم، ناموستان لەکەدار نابێت بەڵام پەرێشان دەبن و برسی و نەهامەتی رووتان تێدەکات.
 
رووداو: بۆچی لە دیاربەکر سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، زۆرجار باسی خیانەتی عەشیرەتەکان لە شێخ سەعید دەکرێت؟
 
ئەبدولیلا فرات: مستەفا کەمال پێشتر تەگبیری خۆی کردبوو، مستەفا کەمال پیاوێکی زیرەک و بە بەرنامە بوو، خاوەن ئەزمونێکی باش بوو، لە سوپای عوسمانیەکاندا پلەداری گەورەبوو، شەڕی دیبوو، دنیای دەناسی، خەڵکی دەناسی، تەنانەت سوڵتان وەحدەدینی هەڵخەڵەتاندبوو. بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ ئاغا وشێخ و بەگ و سەرۆکخێڵەکانی دیاربەکر رێکدەخات، پارەیان دەداتێ، داوەتیان دەکات، دەیانهێنێتە ناو سوپا، کۆشکێکی دەبێت لە دیاربەکر، هەروەها لە مزگەوتی گەورەی دیاربەکر بەشداری نوێژی جەماعەت دەکات، گەنجە کوردەکان کۆدەکاتەوە، ریکلامێکی باش بۆ خۆی دەکات. تەنانەت دەچێتە لای شێخێکی زۆر ناوداری گەورەی کورد (نازانم ناوی بهێنم یان نا) و پێی دەڵێت، من باوکی خۆمم نەدیوە، ئەوەش نازانم کە ئاخۆ باوکم هەیە یان نا، من هەتیوم، بەڵام تۆم زۆر خۆشدەوێت، ناتەوێت ببیت بە باوکم؟ شێخە کوردەکە کەیفی بەو قسانە دێت و دەڵێت: بە مەمنونییەوە، ئاخر تۆ سەرۆکی سوپای، مستەفا کەمالی، دەوڵەت لەدەست تۆدایە، بەخۆشحاڵییەوە بە کوڕی خۆمت قبوڵ دەکەم.
 
رووداو: کەواتە کوردەکانیان هەڵخەڵەتاند و کەوتنە دژایەتی شێخ سەعید؟
 
ئەبدولیلا فرات: هەندێک لە عەشیرەتەکان وەکو حەسەنان و جبری لەگەڵی بوون، بەڵام کوردەکانی دیکە کە بوون بە دۆستی مستەفا کەمال، دژی شێخ سەعید وەستانەوە، بێگومان ئەوەش هۆکاربوو بۆ سەرنەکەوتنی شێخ سەعید لە بەرەی دیاربەکر. 
 
رووداو: ئەگەر باسی مەلا سەعیدی نووڕسی بکەین، پەیوەندی لەگەڵ شێخ سەعید چۆن بووە، هیچ دەورێکی لە شۆڕشەکەی شێخ سەعید دا بینیووە؟ 

 

ئەبدولیلا فرات:  پێش ئەوەی شێخ سەعید دەست بە خەباتی خۆی بکات، نزیکەی سەد مودەریسی هەبوون، نزیکەی سەدوپەنجا خەلیفەی هەبوون، داویان لێدەکات بچن بە کوردستاندا بگەرێن، دەست بە پڕوپاگەندە بکەن و بە خەڵک رابگەیەنن جیهادیان بەسەردا فەرزکردووین، بگەڕێن کەس لە ماڵ خۆیدا نەمێبێتەوە هەتا بزانین خوا چ دەرگایەکمان لێ دەکاتەوە. ماڵی غەبدولڕەحمان ئاغا لە شوشار بووە، سەرۆکی عەشیرەتی گەورەی قرباشەکان بووە، شەوێک شێخ سەعید لە ماڵی ئەوان دەمێنێتەوە، شێخ سەعید بانگی ئاغا دەکات و دەڵێت: ئەمشەو خەوێکی سەیرم بینی! ئاغاش دەڵێت خوا بەخێری بگێرێت ئەفەندی. شەخ سەعید دەڵێت لە خەومدا لە پەنجەرەی ئەم ماڵەی تۆوە، شێرێک هێرشی کردە سەرم، بەڵام من تەنیا تەزبیحەکەم بەدەستمەوە بوو، نەمدەتوانی چارەی شێرەکە بکەم! بە عەبدولڕەحمان ئاغا دەڵێت، دەتوانیت خەوەکەم بۆ لێکبدەیتەوە؟ ئاغا دەڵێت: قوربان تۆ لە من باشتر دەتوانیت لێکدانەوە بۆ خەونەکەت بکەیت
 
شێخ سەعید دەڵێت، ئەو شێرە مستەفا کەمالە، من دەزانم دەرەقەتی نایەم، بەڵام لە خەوەکەمدا حەزرەتی پێغمبەر پێی گوتم سعید راپەڕە، لەبەرخاتری دینەکمان جیهاد بکە، خوای گەورە پایەکەیکی گەورەت بە نسیب بکات. شێخ سەعید نامە بۆ زۆرێک لە گەورەکانی کورد دەنێرێت.
 
رووداو: هیچ فتوایەکیان دژی دەوڵەتی تورکیا دەرکردووە؟
 
ئەبدولیلا فرات: نامەکان ماون، شێخ سەعید بە دەستی خۆی نووسیونی، من لە کتێبەکەمدا نزیکەی پەنجا لەو نامانە وەرگێڕاوە.   بێگومان فتویان داوە، ئیشارەتم پێدا کە شێخ سەعید دەڵێت پێویستە لەسەرمان جیهاد بکەین، ناتوانین ئینکاری پێنجەسەد ئایەت بکەین کە باسی جیهادیان کردووە. جیهادی ئێمەش دژی زوڵمە، دژی قەدەغەکردنی خوێندنی ئاینییە.
 
رووداو: بۆچی مەلا سەعید لە شۆڕشی شەخ سەعید دا بەشدار نەبوو؟
 
ئەبدولیلا فرات:  بەشداری کرد، بەڵام ئەوکاتە مەلا سەعید لە ئیستەنبووڵ بوو، سەرەتا ئەو لەگەڵ ئیتیحادچییەکان بوو، بەڵام تێگەیشت کە جەمال پاشا و تەڵعەت پاشا بێدینن بۆیە کەوتە دژایەتیان و لێیان دەتەکێتەوە. لە ئیستنەبووڵ لەگەڵ منەوەر و زانای گەورەی کورد سەیدعەبدولقادر ڕۆژنامەیەکیان دەرکرد، وتاریان لەو ڕۆژنامەیدا بڵاو دەکردەوە، نووسەرانی کوردستانی عێڕاقیش نووسین و مقالەیان تێدا بڵاو دەکردەوە.
 
رووداو: ئەگەر باسی دەستگیرکردنی شێخ سەعید بکەین، باسی دەوری خراپی قاسم (قاسۆ) کە خزمی خۆی بووە دەکەن لە کاتی گرتنەکەیدا؟

 

ئەبدولیلا فرات: بەڵێ وایە، قاسۆ ئامۆزای خالید بەگی جوبرییە، خالید بەگ پارێزگاری لە قاسۆ کردووە، دەنا دەیتوانی رێگای لێبگرێت. کاتێ لە ساڵی ١٩٢٤ کەمال ئەتاتورک بەبۆنەی بومەلەرزەکەی ئەرەزرۆمەوە سەردانی ئەو شارە دەکات، قاسۆ دەچێت دەیبینێت، بە مستەفا کەمال دەڵێت، خالید بەگی جوبری رێکخراوی ئازادی دروست کردووە، مەترسییەکی گەورە هەیە، پێویستە دەستبەجێ دەستگیریان بکەیت، لەوانیش بەهێزتر شێخ سەعیدە کە پشتیوانیان دەکات بۆیە بیخەرە ژێرچاودێرییەوە مەهێڵە پەلبهاوێ. خالید بەگ پێیدەزانێت، بەڵام دەرەقەتی قاسۆ نایەت. 
کوردە منەوەرەکانی ئیستەنبووڵ دێنە ئەرەزرۆم و دەڵێن لەسەر شەرەفی مستەفا کەمال پێشبڕکێیەکی ئەسپسواری ڕێکدەخەین، ئەوان دەیانەوێت مستەفا کەمال بکوژن، بەڵام قاسم بەگ ناهێڵێت. قاسم هەم ئامۆزای خالید بەگە، هەم زاوایەتی، هەرەوەها ژنبرای شێخ سەعیدیش بووە. پیاوێکی بێدین بووە، دەستی بە فیتنە و فەسادی کردووە. 
 
رووداو: پێش دەستگیرکردنی شێخ سەعید بەنیازی ئەوە بووە بەرەوە ئێران بڕوات؟
 
ئەبدولیلا فرات:  لەکاتی چوونە ناو دیاربەکرد کە ئۆردوی (سوپا) تورکی لێبووە، خەڵکەکە پشتیوانی شێخ سەعید ناکەن، بۆ چوونە ناو شورای (دیواری شار)، چونکە ئەگەر دیوارەکەیان ببڕیاییە، شتەکە بە قازانجی شێخ سەعید تەواو دەبوو، ئاغا و شێخەکان پشتیوانیان لە مستەفا کەمال کردوو و پشتیان لە شێخ سەعید کرد، خیانەتیان کرد.

 

دەمەوێت ئەوەش بڵێم، پێش ئەوەی شۆڕش دەستپێبکات، سەید عەبدولقاد لە ئیستەمبوڵەوە مەلا سەعیدی کوردی رادەسپێرێ کە بچێت شێخ سەعید ببینێت و بزانێت بەتەمانی چییە و لەچ ڕەوشێکدایە، ئەوەبوو، دەنێرێت بەدوای شێخ سەعید دا بێت بۆ ئەرەزرۆم، ماوەی پانزدەڕۆژ لە راوێژ و گفتوگۆدا دەبن، شورایەک دادەمەزرێنن و دەڵێن دەبێت داخوازییەکانمان بدەینە مستەفا کەمال، ئەگەر بە داخوازییەکانمان رازی بوو باشە، دەنا جیهادی بەدژ رادەگەینین.  ئەوەبوو ئەو پرۆژەیەیی ئامادەیان کردبوو، هەم بۆ ئەتاتورکیان نارد، هەمیش بۆ سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان. 
 
رووداو: ئەتاتورک وەڵامی دابوونەوە؟

 

ئەبدولیلا فرات: ئەتاتورک پێشنیازەکەی قبوڵ نەکردبوو، ئاخر ئەو هەموو قوتابخانە دینیەکانی راگرتبوو، قانونەکانی پێشووی هەڵوەشاندبووە، خەلافەتی هەڵوەشاندبووە، ڕژێمێکی ئەوروپایی دامەزراندبوو.
 
رووداو: بۆچی شێخ سەعید داوای هەڵوەشانەوەی ئەو شتانەی دەکرد کە ئەتاتوەک ڕەتیکردبوونەوە؟
 
ئەبدولیلا فرات: داواکاری ئەوان ئەوە بوو کە ئیسلام حوکمڕانی بکات. 
 
رووداو: بۆچی تەنیا کوردەکان داوایان دەکرد، حوکمێکی ئیسلامی لە تورکیا هەبێت؟
 
ئەبدولیلا فرات: تورکیش ئەو داوایەیان هەبوو، بەڵام  ئەتاتورک هەرزوو ئاغا و بەگلەرەکانی ئەوانی سەرکوت کرد.
 
رووداو: ئێوە هیچ بەڵگەیەکتان لەسەر دادگاییەکەی شێخ سەعید دەست کەوتووە؟
 
ئەبدولیلا فرات: پەرلەمانی تورکیا لە شەش بەرگدا بەڵگەکانی بڵاو کردۆتەوە، دیارە بەڵگەکان بە زمانی عوسمانین، ئیفادە و مەکتوبەکانی شێخ سەعیدی تێدایە. لە ئیفادەکنیدا سێخ سەعید بەهیچ شێوەیەک پاشگەزنەبۆتەوە (تەعویزی نەداوە)، پێیگوتوون من ناچاربووم لەبەرانبەر زوڵم و ستەمی ئێوە تێبکۆشم. 
 
رووداو: ڕاستە شێخ سەعید گوتوویەتی منیش یەکێم لەوانەی خەباتیان کردووە و من سەرۆک نیم؟
 
ئەبدولیلا فرات: وای نەگوتووە. مەحکەمە لێی پرسیووە، باشە تەنیا تۆ عالمی دینی لەم جیهانەدا؟ ئەویش دەڵێت، حاشا، من بەتەنیانیم بەڵام من پێموابوو ئەرکێکە و کەوتۆتە سەرشانم و دەبێت جێبەجێی بکەم.  
 
رووداو: تورکەکان بە مەبەست لە رۆژنامەکانیاندا کە روویان لە ناوخۆ بووە، نووسیویانە بزووتنەوەی شێخ سەعید بزووتنەیەکی نەتەوەیی کوردییە، کاتێکیش بۆ ئەوروپاییەکان قسەیان کردووە گوتوویانە بزووتنەوەیەکی ئیسلامییە؟
 
ئەبدولیلا فرات: مستەفا کەمال فەرمانێک بۆ ڕۆژنامەکان دەردەکات و دەڵێت بە ئەورپییەکان بلێن ئەوە بزووتنەوەیەکی ئیسلامییە، بۆ ناوخۆش بنووسن بزووتنەوەیەک  بۆ کوردستان، پروپاگەندەکەیان وابوو، کە دەیانەوێت لە کوردستان دەوڵەت دروست بکەن و لە دەرەوەش خەلافەتی ئیسلامی، ئەوە هەر قسە نییە بەڵکو بەڵگە لەبەردەستدان و لە کتێبەکەشمدا بڵاوم کردۆتەوە.
 
رووداو: لەگەڵ شێخ سەعید چەند کەسی دیکە لە سێدارەدران؟
 
ئەبدولیلا فرات: ئەوانەی لە سێدارەدران، چلونۆ کەس بوون، بەڵام لە شۆرشی شێخ سەعید دا، دووسەد هەزار کەس شەهیدبوون.
 
رووداو: بەڵگەهەیە کە دووسەد هەزار کەس شەهیدبوون؟
 
ئەبدولیلا فرات: ئیسپاتکردنەکەی ئاسانە، لە هەر گوندێک دە تا بیست کەسیان کوشتووە، شتەکە روون و ئاشکرایە، ناوی گوندەکان و ژمارەکان دیارن، تاوانەکە خۆی ئاشکرایە. کۆمەڵکوژی گەورەیان خوڵقاند، ئەوانەشی نەکوژران هەموویان نەفیکردن. 
 
رووداو: کەواتە ئەو دووسەد هەزار کەسە لە سێدارە نەدراون بەڵکو کۆمەڵکوژ کراون؟
 
ئەبدولیلا فرات: بەڵێ دەچوونە نێو گوندەکان، گوندەکانیان دەسوتاند و خەڵکەکەیان کۆدەکردەوە و بە تەفەنگ دەیانکوشتن.  
 
رووداو: کەسی نزیکی شێخ سەعید لە سێدارە دارا؟
 
ئەبدولیلا فرات: سێ برای شەهیدبوون و بەشێکیشیان هەڵهاتن، لە خزمە نزیکەکانیش نزیکەی حەوت بۆ هەشت کەس شەهیدبوون.  
 
رووداو: هیچکام لەوانەی لەگەڵ شێخ سەعید گیران، داوای لێبوردنیان کرد بۆئەوەی نەیانکوژن؟
 
ئەبدولیلا فرات: نەخێر.
 
رووداو: سەید ڕەزا پشتیوانی لە شێخ سەعید دەکرد؟
 
ئەبدولیلا فرات:  نەخێر، عەلەویەکانی دێرسیم دژی شێخ سەعید بوون، یەک – دوانێکیان نەبێت، زۆربەیان دژبوون. لە هەندێک شوێنیش، ڕێنوێنی مستەفا کەمالیان کردووە. 
 
رووداو:  هۆکاری ئەو دژایەتییە چی بوو، مەسەلە سوننە و شیعە بوو یان شتێکی دیکە بوو؟
 
ئەبدولیلا فرات:  مەسەلە چی بوو، بۆ نموونە خالید بەگ کوڕی مەحموود بەگ سەربە عەشیرەتی جوبریانە، جوبریەکان هاوسێی عەلەویەکانی ڤارتۆن، دووسەد بۆ سێ سەد ساڵ پێشتر ناکۆکی و شەڕوشۆر لە بەینیاندا هەبوو، ئەوان لەداخی جوبرییەکان دژایەتی شێخ سەعیدیان دەکرد. خۆیان وادەڵێن ئەگەر خالید بەگ لەگەڵ سێخ سەعید نەبوایە، ئێمەش خیانەتمان نەدەکرد. 
 
رووداو: بەڵام خالید بەگ لە پێش شێخ سەعیدەوە لەسێدارەدرا؟
 
ئەبدولیلا فرات:  بەڵێ ڕاستە.
 
رووداو: بۆچی گۆڕی شێخ سەعید  دیارنییە؟ 
 
ئەبدولیلا فرات: ئێمە جێگەکەی پڕدەزانین. لەکاتی مەحکەمەکەیدا وەسێتی نووسیوە و دەڵێت: یەکەم ڕێگا بدەن لەسەر گۆڕەکەم زیارەتگایەک دروست بکەن، دووەم ئەو پارەیەی لەپاش من بەجێدەمێنێت بیدەنە بە منداڵەکانم. بەڵام هیچکامێکیان جێبەجێ نەکرد. 
 
رووداو: کەواتە ئێوە دەزانن لە کوێ نێژراوە.
 
ئەبدولیلا فرات: شوێنی ناشتنەکەی دیارە و لە دیاربەکرە، بەڵام ئەوەی کە ئایا جەسەدەکەی لەو شوێنەدا ماوە، روون نییە. خۆ شتەکە روونە، هەزاران کەس بینیویانە لەوکاتەی ناشتویانە، لەکاتی شەهیدبوونیدا دەیان هەزار کەس بینیوایە و گوێیان لێبووە.کاتێک شێخ سەعیدیان هێناوە بۆ دیاربەکر دوو سەرباز وەکو پاسەوان لەملاو لایەوەبوون، مەراسمێکی گەورەیان ڕێکخستووە بە مارش و مۆسیقای سەربازییەوە. یەکێک بیرەوەریەکانی نووسیوەتەوە و دەڵێت ئەوکاتە تەمەنی حەڤدە ساڵان بووە کە شێخ سەعیدیان هێناوە بۆ دیاربەکر، ئێمە لە قەراخ ڕێگاکەدا ڕیز ببووین بۆ ئەوەی شێخ سەعید ئەفەندی ببینین، کاتێک شێخ سەعید ئەفەندی گەیشتە ناو دیاربەکر، بەدەستەکانی سڵاوی لە خەڵکەکە دەکرد، تەنانەت ئەسپەکەشی بەسەر سڵاوی لە خەڵکەکە دەکرد، هەروەها دەڵێت کەسێکی کەرکووکی کە نزیکە سەد کیلۆ زیاتر دەبوو دەیویست بێڕێزی بە شێخ سەعید بکات، خەڵکە هێرشیان بۆ برد بۆ ئەوەی بیخنکێنن، بەڵام سەربازەکان پێشیان بە خەڵکە گرت، دواتر بەجهەنەم چوو و چووەوە بۆ کەرکووک.
 
رووداو: شێخ سەعید و شێخ مەحموودی حەفید پەیوەندیان هەبووە؟
 
ئەبدولیلا فرات: رووبەڕوو یەکتریان نەبینیووە، بەڵام نامەگۆڕکێیان کردووە.
 
رووداو: ئەو نامانە ماون؟
 
ئەبدولیلا فرات: شێخ سەعید بۆی نووسیووە، مەهێڵن ئینگلیز پێ بخاتە کوردستانەوە،ن چونکە هەر بۆنی نەوتیان کرد، ئیتر فیتنە و فەسادی بڵاو دەکەنەوە، لەگەڵ عەرەبەکاندا دەتاندەن بەگژ یەکتریدا، کورد و کورد بەردەدەنە یەکتری، ناکۆکی دەخەنە نێو عەشیرەتە کوردەکانەوە، هەرچییەکتان بۆ کراوە مەهێڵن ئینگلیز بێتە کوردستان، بەتایبەتی خۆتان بکەن بە خاوەنی کەرکووک، مەهێڵن کەس بکەوێتە ناو کەرکووکەوە، کەرکووک ڕێگای نەجاتی ئێوەیە. 
 
رووداو: لەگەڵ بارزانییەکاندا پەیوەندیان چۆن بووە؟
 
ئەبدولیلا فرات: من لە کاک مەسعود بارزانی و کاک ساڵح (خوشکەزای ژەنراڵ بارزانی بوو) بیستووە، مەلا مستەفا و شێخ ئەحمەد دێن بۆ باکووری کوردستان، مەلا مستەفا تەمەنی حەڤدە بۆ هەژدە ساڵ بووە، شێخ سەعید ئەفەندی پێی دەڵێت تۆ واز لە شێخایەتی بهێنە با ئەحمەدی برات خەریکی شێخایەتی بێت، باوەشی پێدادەکات و دەڵێت تۆ ئیتر ناوت مەلا مستەفایە. کاک مەسعود دەیگوت باوکم دەیگێڕایەوە کاتێک شێخ سەعید باوەشی پێدا گردم، هەستێکی سەیرم بۆ دروست بوو، ڕۆحێکی مەعنەوی دامێ، دوای ئەوە کە تەمەنی دەبێت بە بیست ساڵ دەست بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەکات. منیش و ئەویش لە کتێبەکەیدا باسی ئەو دیدارەمان کردووە.
 
رووداو: دوای شکستی شۆڕشی شێخ سەعید، چارەنووسی بنەماڵەکەتان بەکوێ گەیشت؟ 
 
ئەبدولیلا فرات: دوای شەهیدبوونی شێخ سەعید، پیاوەکان بەرەو ئێران کۆچیان کرد و لەوێشەوە روویان لە کوردستانی عێراق کرد، پاشان چوونە بەغدا.  هەرچی ژن و مدناڵەکان بوون، نەفی سپارتای لای ئێغدر کران، نزیکە پێنج ساڵێک لەوێ مانەوە، پاشان بەر لێبوردن کەوتن و گەڕانەوە خنوسێ. بەلام دوای دوو ساڵ جارێکی دیکە نەفی دەکرێنەوە. من بۆخۆم لە (تراخێ) لە ئاوارەیی و غەریبیدا لە دایک بووم، روبەرووی ئازار و زەحمەتیەکی زۆر بووینەوە. بەردەوام ماڵەکان بە سەرباز چواردەور درابوو، نەیاندەهشێت لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی خۆیان قسەبکەن و پەیوەندی دروست بکەن، والی بە خەڵکەکە دەڵێت بەهیچ شێوەیەک نابێت لەگەڵ عەلی ڕەزا قسەبکەن، نابێت پێێی بڵێن شێخ عەلی ڕەزا، نابێت سەردانی مزگەوت بکات، بەوشێوەیە دەیخەنە ژێر چاودێریەکی چڕەوە. 
 
رووداو: تا کەی لە ئاوەرەیدا مانەوە؟
 
ئەبدولیلا فرات: ماوەی هەژدە ساڵ ماینەوە، زۆرجار تووشی گرتن و ناڕەحەتی بووینەوە.
 
رووداو: تۆ لە نزیکەوە مەلا سەعیدی نووڕسیت بینیووە، هیچ بیرەوەریەکت لەگەڵیدا هەیە؟ 
 
ئەبدولیلا فرات: بەڵێ لە نزیکەوە بینیوومە. لە سێی مانگی یەکی ساڵی ١٩٦٠ کە دەکاتە چوارشەممە، لە ئانکارا بووین ، یەکێک لە موریدەکانی نووڕسی هات گوتی مەلا سەعید ئامادەیە پێشوازی لە شێخ عەزیز بکات، ئەوەبوو لەگەڵ شێخ عەزیز و شێخ سەلاحەدین، چووین بۆ لای مەلا سەعید، لە ئوتێلێک دەمایەوە بەناوی بەیروت کە دەکەوتە سەر جادە دەنیزدیلەر، مەلا سەعید بەتەواوەتی پیر بوو بوو، دوو موریدی لەگەڵدا بوو، شێخ سەلاحەدین ئەفەندی و شێخ عەزیز لەسەر قەنەفەکان دانیشتن، مەلا سەعید دوو محامی هەبوو یەکێکیان سەعید ئۆزدەمیری ناو بوو، ئەویتریشیان تیلۆ بوو، بەردەوام لەگەڵ مەلا سەعید بوون، ئەو رۆژە ئەوانیش لەوێ بوون. ئێمە لەسەر عەرزەکە دانیشتین. مەلا سەعید گوتی زۆر بە حەسرەتەوە بووم کە ئێوە لە نزیکەوە ببینم، بەڵام ئیمکانم نەبوو، وەختی خۆی لە سپارتا چاوم پێیتان کەوت بەڵام دوای ئەوە نزیکەی حەڤدە بۆ هەژدە ساڵ خرامە زیندانەوە، ئێوە لە ئاوارەیدا بوون و منیش لە زینداندا بووم، نەیاندەهێشت کەس سەردانم بکات و کەس ببینم.
 
رووداو: بە کوردی قسەتان دەکرد؟
 
ئەبدولیلا فرات: سەرەتا کە دانیشتین داوای لێبوردنی کرد و گوتی ئەمانەی لەگەڵمدان تورکن و کوردی نازانن، بۆیە ئەگەر بە کورمانجی قسەبکەین رەنگە گومانیان بۆ شتێک بچێت، بۆیە بە تورکی قسە دەکەم، بەڵام مامەم شێخ سەلاحەدین ئەفەندی بە کوردی قسەی لەگەڵ دەکرد، شێخ عەزیز ئەفەندیش بە تورکی قسەی لەگەڵ دەکرد. باسی ئەو زوڵم و غەدرەی لێیان کرابوو دەکرد، هەروەها گوتی خوای گەورە ئەو شەرەفە گەورەیەی پێدام کە بە خزمەت شێخ سەعید ئەفەندی گەیشتم، ئەوەندە بە حەسرەتەوە قسەی دەکرد خەریک بوو قەناعەتی پێدەکردم، شێخ سەعید وای دەزانی من دژم بەڵام من گوتم ئەفەندی تۆ چۆن بیردەکەیتەوە منیش هەروا بیر دەکەمەوە. مەلا سەعید کوردی باش دەزانی، زمانی دایکی کوردی بوو.
 
رووداو: مەلا سەعیدی نووڕسی کوردایەتی دەکرد؟
 
ئەبدولیلا فرات: پێشتر کوردایەتی دەکرد، کوردچی بوو، بەڵام دواتر بوو بە شەریعەتچی. سەرەتا کوردچی بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.