جووتیارانی تورکمان لە کەرکووک دژی عەرەبی هاوردە سکاڵا تۆماردەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بە بیانووی ئەوەی خەڵکێکی "تێکدەرن و دژی دەسەڵاتی بەعسن"، ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو ژمارەیەکی زۆری عەرەبی هاوردە لە سنوورەکەیان نیشتەجێکران و زەوییەکان لە ئەمان وەرگیرایەوە. حوسێن جووتیارێکی تورکمانی ناحیەی یایچییە و لەگەڵ دەیان جووتیاری دیکە گلەییان لەو دۆخە هەیە.
ئێستا لە کۆی زیاتر لە 200 دۆنم زەویی باوانی، حوسێن محەممەد تەنیا 15 دۆنمی لەژێر دەستدا ماوە و دەڵێت، "بۆ ئەو پارچە زەوییەش ماوەیەکە لەلایەن هاوردەکانەوە گێچەڵمان پێ دەکرێت."
حوسێن محەممەد پێی گوتم، "ئەوان هەریەکەیان 120 دۆنمیان بردووە، ئێمە 120 دۆنممان نەماوە، هەندێ خەڵک هێندراون لە ناوچەی دیکەوە، هەریەکەیان دەستیان بەسەر 120 دۆنمدا گرتووە لە زەویی ئێمە و خۆمان بێبەشکراوین."
لە کۆی زیاتر لە پەنجا هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی یایچی، کەمتر لە پێنج هەزار دۆنمی لەژێر دەستی خەڵکی سنوورەکەدایە، گلەیی ئەوان لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقە کە کێشەکەیانی چارەسەرنەکردووە، ئەگەرچی درکیان پێکردووە.
سەڵاح فەرحان، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ناحیەی یایچی بە رووداوی راگەیاند، "ئەگەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ژمارە 29 جێبەجێ بکرێت، چارەسەری زۆر کێشە دەکات، نەک هەموو کێشەکانی لای ئێمە، لە ناوچەکانی دیکە زۆر کێشە چارەسەر دەکات."
لەسەر کێشەی جووتیارانی تورکمان، بەرپرسەکانیان بێ هیوابوونە لە حکومەتی عێراق، ئێستا بە نیازن پەنا ببەنە بەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "هەندێ بڕگەی یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ هەیە، یاسای دەستبەسەرداگرتنی زەوی، یاسای لێسەندنەوەی موڵکداری بە هۆکاری نەتەوەیی و تائیفی، ئێمە 40 ساڵە دانمان بەخۆداگرتووە، دوای ئەمە ئێمە وەک تورکمان سکاڵای نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تۆمار دەکەین."
ئەو زۆنە کە دەکەوێتە باشووری کەرکووک، لە دێرزەمانەوە ناوچەی کوردی و تورکمانی بووە، بەڵام لە نەوەدەکان بە بیانووی پشتێنەی ئەمنی، ژمارەیەک عەرەبی هاوردەی لێ نیشتەجێکرا، جیا لە زەویی تورکمان، هاوردەکان دەستیان بەسەر زەویی کورد لە گوندەکانی تۆپزاوا و کومبەکلەر و قزلیاریشدا گرتووە.