خاوەنی پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی هێلکە: دابەزینی بەهای دینار هۆکارە بۆ گرانبوونی هێلکە


رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەولێر کە رۆژانە 252 هەزار هێلکەی سپی و زیاتر لە 22 هەزار هێلکەی سوور بەرهەم دەهێنێت، خاوەنەکەی دەڵێت، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و گرانبوونی نرخی ئالیک کاریگەریی راستەخۆیان لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی هێلکە کردووە. 
 
ئەو پڕۆژەیە ٪75ـی بەرهەمەکەی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان ساخ دەکاتەوە و ٪25 یشی هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکات. سامی مەغدید، خاوەنی پڕۆژەکە بە رووداوی گوت، "نرخی ئالیک گرانبووە، تۆنێک سۆیا بووەتە 750 دۆلار ئەمەش هۆکارە بۆ گرانیی نرخی هێلکە. هۆکاری دووەم هەناردەکردنی هێلکەیە بۆ خواروو و، نێوەڕاستی عێراق."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، رۆژانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە دوو ملیۆن و 500 هەزار هێلکەیە.
 
نرخى هێلکە لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە بە جۆرێک تەبەقێک هێلکە لە بازاڕەکانی بەغدا لە 7000 وە بۆ 8500 دینار و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش یەک تەبەقە هێلکە لە پێنج هەزارەوە بۆ 6500 دینار بەرزبووەتەوە. وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە رێگەی بە هاوردەکردنی هێلکە لە هەرێمی کوردستان داوە.
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە رووداوی گوت، "پێشتر بۆ نموونە لە پارێزگای هەولێر رێگەیان داوە 50٪ـی بەرهەمی هێلکە بچێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام بە میکانیزمێک وردە وردە لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین و لەگەڵ پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەش یەکشەممە کۆدەبینەوە بۆئەوەی کە ئەو ناردنە وردە وردە کەم ببێتەوە."
 
هەرێمى کوردستان ساڵانە دوو ملیار و 500 هەزار هێلکە بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا پێویستیى نێوخۆى هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیار هێلکەیە.