دژەتیرۆری عێراق: لە سنووری سلێمانی دوو 'تیرۆریستمان' دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
دژەتیرۆری عێراق دەڵێت، ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و دوو "تیرۆریست"یان دەستگیرکردوون.
رۆژی هەینی، 13-1-2023، دەزگای دژەتیرۆری عێراق تویتێکی کرد و دەڵێت، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانیان لە "باکوور و رۆژئاوای"ـی عێراق، چەند ئەرکێکی بەرهەمداریان ئەنجامدا"، ئەوەش لەسەر بنچینەی رێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق.
لە تویتەکەدا هاتووە، هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ دژەتیرۆری سلێمانی لە سنووری شارەکانی کەلار و بازیان لە پارێزگای سلێمانی "دوو تیرۆریستیان دەستگیرکردوون".
دژەتیرۆری عێراق باس لەوەش دەکات، هێزەکانیان لە سنووری پارێزگای ئەنباریش ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە و دەستیان بەسەر بڕێک چەکدا گرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەندێک زانیاری هەواڵگریی وردیان دەستکەوتووە.