بەهۆی تەقینەوەی مینەوە دوو کەس لە رواندز بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، لە چیای گۆرنۆکی بێخاڵ شاخەوانێک قاچی بەر مینێک کەوتووە و بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون و، یەکێک لەوان قاچێکی لەدەستداوە.
 
بەیار باڵەکی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەک شاخەوان دەچنە چیای گۆرنۆکی بێخاڵ لە سنووری قەزای رواندز. دەشڵێت، یەکێک لەوان "لە پیادە رێ" لادەدات و بەهۆیەوە مینێک لەژێر پێی دەتەقێت، لە ئەنجامدا دوو لە شاخەوانەکان بریندار بوون.
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران راشیگەیاند، یەکێک لەوانەی بریندار بووە ناوی ( م، م، ه)ـە و لەدایکبووى 1998یە، بارى تەندروستى جێگیرە. 
 
بەگوتەی بەرگریی شارستانیی سۆران، بریندارەکەی دیکە لەدایکبووى 1991ـە، خێزاندارە و دانیشتووى رواندزە، بەهۆی ئەوەی قاچی بەر مینەکە کەوتووە، قاچێکى لە دەستداوە.