قایمقامی سیدەکان: سوپای تورکیا دوو شوانی سنوورەکەیان بریندار کرد


رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای سیدەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سوپای تورکیا لە چیای دێڵەوە دەستڕێژی گولـلەی لە دوو شوانی ناوچەکە کردووە و هەردووکیان بریندار بوونە.
 
رووداوەکەی کاژێر 03:00ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بووە. لازم موراد کە تەمەنی 17 ساڵە و بەهزاد ئاودی کە تەمەنی 15 ساڵە و هەردووکیان شوانن، بەهۆی تەقەکردنەکەوە بریندار بوون کە دانیشتووی سنووری ناحیەی خەلیفانن لە دەڤەری برادۆست.
 
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، ئەو دوو شوانە بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات چوونەتە سنوورەکە، بەڵام سوپای تورکیا دەتڕێژی گولـلەیان لێکردوون و بەهۆیەوە هەردووکیان بریندار بوون.
 
چیای دێڵ لووتکەیێکی بەرزی دەڤەری برادۆستە و دەڕوانێتە رووبەرێکی بەرفراوانی ناوچەکە، مانگی ئاداری ساڵی 2017 سوپای تورکیا لەسەر لووتکەکە جێگیر بوو.