رووداو رەشنووسی پڕۆژەیاسای بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بڵاودەکاتەوە

13-01-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لەبارەی پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال و کوشتن و رفاندنی کوردی ئێزدانی کۆدەبێتەوە. بەپێی رەشنووسی داواکاری فراکسیۆنەکان، پەرلەمانی ئەڵمانیا تاوانەکانی دژ بە کوردانی ئێزدی بە جینۆساید دەناسێنێت، بۆ ئەم بڕیارەش هەڵسەنگاندنی یاسایی تیمی لێکۆڵینەوەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیتاد) پەیڕەو دەکات.
 
رۆژی 19-01-2023 پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ گفتوگۆکردنی لەسەر پرسی بە جینۆسایدناساندی تاوانەکانی داعش لە دژی کوردی ئێزدی کۆدەبێتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی رەشنووسی داواکارییەک لەلایەن گرووپە پەرلەمانییەکانی SPD،CDU/CSU،BÜNDNIS 90/DIE GRÜNEN و FDP پیشکێش بە پەرلەمانی وڵاتەکە کرا.
 
رەشنووسەکە کە کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە، لە سەرەتاکەیدا هاتووە: "پەرلەمانی ئەڵمانیا سەری رێز و نەوازش بۆ قوربانییانی تاوانەکانی رێکخراوی بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە عێراق و سووریا دادەنەوێنێت. دان بەو ئازارانەدا دەنێت، کە بەهۆی تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی IS بۆ سەدان هەزار کەس دروستبووە."
 
لە رەشنووسەکەدا ئاماژە بە ئامانجی داعش لە هێرشکردنە سەر ئێزدییەکان کراوە و دەڵێت: "ئامانجی داعش سڕینەوەی تەواوەتی کۆمەڵگەی ئێزدی بووە. زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدی، بەتایبەتی لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشی ئیسلامییەوە ئەشکەنجە دراون و بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران."
 
بەگوێرەی رەشنووسەکە "پەرلەمانی ئەڵمانی تاوانەکانی دژ بە کۆمەڵگەی ئێزدییەکان بە جینۆساید دەناسێنێت. لەم کارەدا هەڵسەنگاندنی یاسایی تیمی لێکۆڵینەوەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیتاد) پەیڕەو دەکات." 
 
لە مانگی ئابی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لە رەشنووسەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە پیاوانی ئێزدی ناچارکراون ئاینەکەیان بگۆڕن، ئەگەر رەتیانکردبایەوە "دەستبەجێ لەسێدارەدەدران، یان دەرفێنران و وەک کرێکاری زۆرەملێ دەکرانە کۆیلە. کوڕان لە قوتابخانەکانی قورئاندا پەروەردە دەکران، وەک سەربازێکی منداڵ وەردەگیران یان وەک خۆکوژ بەکاردەهێنران." 
 
سەبارەت بە ژنانی ئێزدیش ئاماژە بەوەدراوە، "داعش بە ئامانج تووندوتیژی سێکسی بەرامبەر ئافرەتانی کوردی ئێزدی کردووە، کە مەبەستەکە زەلیلکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی بووە، بەو پێیەی لە نێو کۆمەڵگەکە ژنخوازی تەنیا لە نێوان خودی ژنان و پیاوانی ئێزدییە، هەروەها کۆمەڵگەکە منداڵێک قبووڵ ناکەن کە لە دایک و باوکێکی ئێزدی نەبێت." 
 
لە رەشنووسی گرووپی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا، ئاماژە بە دۆخی ئەو منداڵانە و دایکیان دراوە، کە دایکەکان ناتوانن دەستبەرداری منداڵەکانیان ببن: "خواستی دایکێکی ئێزدی بۆ هێشتنەوەی منداڵەکەی خۆی شایەنی رێزی تایبەتی ئێمەیە، نەک هەر لەبەرامبەر ئەم پاشخانە، بەڵکو لە کاتی سەیرکردنی ئەو ئازارانەی کە چەشتویانە."
 
پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا پێیوایە، "رفاندن و کۆیلەکردن و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان لە سەرەتاوە بەشێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن داعشەوە بەکارهێنراوە، بۆ ئەوەی ئێزدییەکان بە تەواوی و یەکگرتوویی خۆیان بە درێژایی نەوەکانیان لەناو ببەن."  
 
پەرلەمانی ئەڵمانیا پشتیوانی لە ریشسپی و پیاوانی ئاینی ئێزدی دەکات، کە بڕیاریان دا ئەو منداڵانە قبووڵ بکەن، کە باوکیان چەکداری داعش بووە.
 
لە رەشنووسەکەدا هاتووە: "تاوەکو ئێستاش جینۆسایدی ئێزدییەکان لە عێراقدا لە هەموو شوێنێکدا هەیە. تا ئێستاش زیاتر لە دوو هەزار و 700 ئێزدی بێسەروشوێنن. هێشتا گۆڕی بەکۆمەڵ دەدۆزرێتەوە."
 
باس لە نەگەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان کراوە. وەک لە رەشنووسەکەدا هاتووە: "نزیکەی 300 هەزار ئێزدی ئێستا لە کەمپەکانن لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هیچ ئاسۆیەکیان بۆ گەڕانەوەی ناوچەکەیان بە سەلامەتی نییە."  ئەویش بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییە زۆر ناجێگیرەی کە هێشتا لە شەنگالدا زاڵە.
 
لە رەشنووسەکەدا ئاماژە بە "رێککەوتنی شنگال" لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە لە 9ی تشرینی یەکەمی 2020 راگەیێنرا، بەڵام رێککەوتنەکە بەشێوەیەکی پێویست لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە جێبەجێ ناکرێت.  
 
بەپێی رەشنووسەکە، کە بڕیارە 19ی ئەم مانگە دەنگی لەسەر بدرێت، ئەڵمانیا لە دوای ساڵی 2014ەوە زیاتر لە سێ ملیار یۆرۆی لە عێراق خەرجکردووە، کە بە پلەی یەکەم گرنگی بە ئێزدییەکان دەدات وەک یەکێک لەو گرووپانەی دانیشتووان، کە زۆرترین کاریگەری داعشیان لەسەر بوو. 
 
لە رەشنووسەکە داوا کراوە کە پێویستە ئەڵمانیا بەردەوام بێت لە "رۆڵی پێشەنگانە"ی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکە. 
 
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە تاوەکو ئێستا 1100 ژن و کچی ئێزدی بردراون بۆ ئەڵمانیا چارەسەری دەروونی و پزشیکیان پێشکێش کراوە، بەو پێیەی ئەو ژن و منداڵانە لە عێراقدا نەتوانراوە چارەسەر بکرێن.   

 

 
ئەو پەرلەمانتارانەی رەشنووسەکەیان پێشکێشکردووە، بە پشتبەستن بە راپۆرتی فەرمانگەی پاراستنی دەستوور، ئاشکرایان کردووە، زیاتر لە 1050 ئەڵمانی چوونەتە ریزەکانی داعش. بۆیە دەڵێن: "ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی پاراستنی تاوانبارانی لە ئەستۆدایە بۆ لێپێچینەوە لە تاوانباران بەپێی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی." 
 
لە رەشنووسەکەدا باس لەوە کراوە، کە چەند کەسێک بەهۆی دەستهەبوون لە تاوان دژی ئێزدییەکان لە دادگەکانی ئەڵمانیا دادگایی کراون. ئەمەش بە گرنگ دەزانن، بەو پێیەی بوێری ژنانی ئێزدی نیشان دەدات، کە بە ئاشکرا لەسەر خراپترین تاوان دەدوێن.    
 
هەروەها باس لە دادگاییکردنی چەکدارانی داعش لە دادگاکانی عێراق کراوە، کە لەسەر بنەمای تاوانەکانی وەک تیرۆر و کوشتن بەپێی یاسای تاوانەکانی عێراق سزا دەدرێن، بەڵام لە پرۆسەی دادگاییکردنیاندا بەهیچ شێوەیەک لە پرۆسەی دادگاییکردندا باسی پرسی جینۆساید ناکرێت.
 
جگە لەوەش ئاماژە بە رێگرییەکانی حکومەتی عێراق کراوە بۆ دامەزراندنی دادگەیەکی تایبەت بە دادگاییکردنی چەکدارانی داعش لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە. 
 
لە رەشنووسەکەدا پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا چەند داواکارییەک ئاراستەی حکومەتی ئەڵمانیا دەکەن، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەی لەبەردەستە. ئەوانیش:
 
1- پشتگیریکردن لەو بنچینە نێودەوڵەتی و نیشتمانییانەی ئێستا هەن بۆ چارەسەری سیاسی و یاسایی کۆمەڵکوژییەکە کە بەهێزکردنی ئەرکی یونیتاد لە خۆ دەگرێت
 
2- بەردەوامبوون لە ئەنجامدان و فراوانکردنی چارەسەری یاسایی و لێپێچینەوە لە تاوانبارانی داعش لە ئەڵمانیا، بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لە چوارچێوەی تیمی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە ژێر چەتری EUROJUST و دابینکردنی بودجە بۆ دامەزراندنی یەکەیەکی تایبەتی هاوکاری یاسایی لە تیمی لێکۆڵینەوەی هاوبەش، بە مەبەستی هێنانی ئەندامانی داعش بۆ بەردەم دادگا.
 
3- پابەندبوونی حکومەتی عێراق بۆ واژۆکردن و پەسندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی دادگەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بۆ چاکسازی لە یاسای تاوانەکانی عێراق بە ئامانجی دانانی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید لە نێو یاسای سزادانی عێراقی، بەجۆرێک کە تاوانباران چیدی تەنیا لەسەر بنەمای پشتگیریکردن لە تیرۆر دادگایی نەکرێن. پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە سزای لەسێدارەدان وەک زۆرترین سزا لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ناگونجێت. 
 
4- کۆکردنەوەی بەڵگەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرتاسەری عێراق و دابینکردنی بودجە بۆیان، هەروەها پاراستنی بەڵگەنامەکان، بەتایبەتی لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و هێرشی دیکە.
 
5- بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی هاوبەشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بە مەبەستی دەستنیشانکردن و گەرڕن بە  شوێنی ئەو ژن و منداڵانەی بازرگانییان پێوەکراوە، کە هێشتا بێسەروشوێنن. 
 
6-  داوا لە حکومەتی عێراق بکرێت لە نزیکترین کاتدا یاسای رزگاربووانی [ژنان] ئێزدی (YSL) جێبەجێ بکات، کە لە مانگی ئاداری 2021 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە. ئەو قەرەبووە بۆ رزگاربووانی تاوانەکانی داعش خەرج بکرێت، کە لە یاساکەدا هاتووە. 
 
7- پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بۆ تێکەڵکردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی چەکدارانی داعش بۆ سەر ئافرەتانی ئێزدی لە دایکبوون. 
       
8- بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی بەرنامەکانی داماڵینی هزری تووندڕۆیی لە مێشکی ئەو منداڵانەی لەلایەن داعشەوە وەکو کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.
 
9- پشتگیریکردن لە دامەزراندنی ناوەندێکی هاوبەشی ئەرشیف و بەڵگە لە ئەڵمانیا، کە تایبەت بێت بەو تاوانانەی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن داعشەوە دژی ئێزدییەکان و کەمینەکانی دیکە دەکرێن. 
 
10- پشتگیری لەو هەوڵ و میکانیزمانەی کە دەدرێن بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی چارەسەری تیرۆریزمی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق، رۆڵی هەموو ئەکتەرەکان بەتایبەت ئەکتەرە چەکدارە نادەوڵەتییەکان هەستیارانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لە پێناو بەهێزکردنی ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە. 
 
11- داوا لە حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها سەرجەم ئەکتەرە پەیوەندیدارەکانی دیکە بکرێت پابەندبن بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، لەگەڵ بەشداریپێکردنی تەواوی کۆمەڵگەی ئێزدی لە رێککەوتنەکەدا. 
 
12- بینینی رۆڵی پێشەنگ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە نێوەندگیری نێوان بەغدا و هەولێر و نوێنەرانی ئێزدییەکان و پاڵپشتیکردن لە پەرەپێدانی ستراتیژییەکی هەمەلایەنە، بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵە هەنووکەییەکان. ئەو ئێزدییانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراق دەژین، دەرفەتی ژیانێکی شەرەفمەندانەیان بۆ بڕەخسێنرێت.
 
13- بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی پێکهاتە ئێزدییەکان لە عێراق و لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکە و گوندە وێرانبووەکانیان، بە هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها پاڵپشتیکردنی حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوکاریکردنی ئەو 300 هەزار ئێزدییەی کە هەڵاتوون بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.
 
14- بەدواداچوون لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی سیاسیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەی شنگال.
 
15- گەڕان بە دوای چارەسەرێک بۆ رێگری لە کەمبوونەوەی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەكگرتووەكان، کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان، كە بەردەوامن لە پابەندبوون بە دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەكان، بەتایبەتی لە كەمپەكانی ئاوارەكاندا.
 
16- بەشداریکردن لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری چاودێری دەروونی کۆمەڵایەتی سنووردار لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستانی عێراقن، بەڵام لە ناوەڕاستی عێراقیشدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی زانستی زانکۆی دهۆک، کە لەلایەن ئەڵمانیاوە پاڵپشتی دەکرێت، بە مەبەستی فراوانکردنی خزمەتگوزاری چاودێری دەروونی لە شوێنی کارەکە.
 
17- دانانی ژنان لە ناوەندی سیاسەتی دەرەوە و گەشەپێدانیان و بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردن و پێشخستنیان.
 
18- بەردەوامبوون لە داڵدەدانی ئێزدییەکان لە چوارچێوەی پرۆسەی پەنابەریدا، بە لەبەرچاوگرتنی گۆشەگیری و هەڵاواردنی بەردەوامیان و داننان بەوەی کە بەشێکی گرنگی زاڵبوون و چارەسەری تراوما بریتییە لە یەکگرتنەوە لەگەڵ خێزانەکەی خۆی، ئەمەش دەبێت لە چوارچێوەی بنەمای یاساییدا بێت.
 
19- پێشخستن و پاڵپشتیکردنی ئۆفەرەکانی پەروەردە و توێژینەوە، لە بوارەکانی زانستیی ئایینیی، مێژوو، کولتوور و نەهێشتنی دژایەتی و رق و کینە دژ بە ئێزدییەکان. ئێمە ئەرێنین سەبارەت بە دامەزراندنی بەشێکی فرە تایبەتمەندی ئەم بوارە لە نێو زانکۆکاندا.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.