13-01-2020
08:09
پەرلەمانی کوردستان زۆربەی بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاسای چاکسازیی پەسندکرد و رۆژی پێنجشەممە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە دەدات.
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "کاژێر 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە (16-1-2020 ) دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساکە بەڕێوەدەچێت، تاوەکو درەنگانی شەوی رابردووش پەرلەمان بۆ گفتوگۆ لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاساکە لە کۆبوونەوەدا بوو".
پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە، لە 19 ماددە پێکهاتووە، لەکاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەکە، وەزیرە پەیوەندیدارەکان لە پەرلەمان ئامادەبوون و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان دایەوە و روونکردنەوە لەبارەی ماددەکانی پرۆژەکە درا.
22:55
وەزیری دارایی: ژمارەی جەنەراڵەکانمان یەکجار زۆرن و رەنگە لەئاستی وڵاتی چین بین
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ژمارەی بەرپرسە پلەباڵا خانەنشینکراوە نایاساییەکان 464 وەزیر، بریکاری وەزیر، راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتین.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی پەرلەمان لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران لەبارەی ژمارەی پلەباڵا خانەنشینکراوە نایاساییەکان گوتی، وایان پێگەیشتووە کە "53 وەزیر، 53 بریکاری وەزیر، 87 راوێژکار، 271 بەڕێوەبەری گشتی" هەن.
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد "ژمارەی جەنەراڵەکانمان یەکجار زۆرن و رەنگە لە ئاستی وڵاتی چین بین، هەروەها ژمارەی وەزیرەکانمان لە ئاستی عێراق تێپەڕیوە"؛ ئەوەیشی خستەڕوو بۆ بەڕێوەبەری گشتی و بەشەکانی دیکەش بە هەمان شێوە.
ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەش کرد، لەلای وەزارەتی دارایی هیچ پلەیەک لە سەروو وەزیرەوە نییە، سەبارەت بە ماددەی 11 گوتی "ماددەیەکی زۆر گرنگە و بە سەرۆکی هەرێم دەستیپێکردووە و هاتووەتە خوارەوە تاوەکو ئێستا".
وەزیرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیاسای چاکسازیی بە گرنگ ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد "گرنگیی ئەم چاکسازییە ئەوەیە کە دەرامەتێک بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە" و ئەو دەرامەتەی کە دەگەڕێتەوە جارێکی دیکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان دابەشدەکرێتەوە بەسەر تێکۆشەراندا.
پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە 19 ماددە پێکهاتووە، لەکاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەکە وەزیرە پەیوەندیدارەکان لە پەرلەمان ئامادەدەبن و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەدەنەوە و روونکردنەوە لەبارەی ماددەکانی پرۆژەکە دەدەن.
20:30
پێشەوا هەورامانی روونکردنەوە لەبارەی رووداوەکەی نێو پەرلەمان دەدات
پێشەوا هەورامانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی پشێوییەکەی نێو پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، پشێوییەکەی پەرلەمان لەنێوان پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارێکی پارتی بووە لەسەر ئەوەی پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ قەڵەمێکی گرتووەتە پەرلەمانتارەکەی پارتی.
پێشەوا هەورامانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "قەڵەمەکە بەر وەزیری دارایی کەوتووە و داوامان لە سەرۆکی پەرلەمان کرد ئەم بێڕێزییە راگرێت".
پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، تەفسیری دیکە بۆ رووداوەکە کرا کە هیچ پەیوەندیی بە رووداوەکەوە نەبووە؛ باسی لەوەش کرد کە لەکاتی دەنگدان خەڵکی کوردستان دەبینن "ئێمە داوامان کردووە مووچەی پلە تایبەتەکان تاوەکو بکرێت کەمبکرێتەوە، قسە لەسەر ئەوە کراوە کە کەمترین مووچە 15% بێت و هەموو فراکسیۆنەکان پاڵپشتیی ئەمەیان کردووە".
پێشەوا هەورامانی راشیگەیاند، بە هەموو هەوڵ و توانایان داوایان کرد "بە هیچ شێوەیەک ئەو مووچە زەبەلاحەی پلە باڵاکان پێشتر وەریانگرتووە لە پەرلەمانتار، راوێژکار، بەڕێوەبەری گشتی و وەزیرەکان، جارێکی دیکە ئەو مووچەیە نابیننەوە و کۆتایی پێهات".
19:24
پەرلەمانتارێک باسی هۆکاری گرژییەکەی هۆڵی پەرلەمان بۆ رووداو دەکات
پەرلەمانتارێک باسی هۆکاری گرژییەکەی هۆڵی پەرلەمان بۆ رووداو دەکات
لەبارەی دروستبوونی گرژی و دەمەقاڵێ لەنێوان پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی و نەوەی نوێ، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە بەهۆی هەڵەتێگەیشتنەوە بووە.
رزگار عیسا سوار، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سیپان ئامێدی، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ قەڵەمێک دەگرێتە یەکێک لە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی و بەوهۆیەوە کاردانەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە.
لەکاتی خوێندنەوە بۆ ماددەکانی حەوتەم، هەشتەم و نۆیەم لە پرۆژەیاسای چاکسازی دەمەقاڵێ لەنێوان پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی و نەوەی نوێ دروستبووە بەهۆی جیاوازی بیروبۆچوونیان و بەکارهێنانی چەند وشەیەک بەرامبەر یەکدی.
دوای دروستبوونی گرژی و وەستانی کۆبوونەوەکە، جارێکی دیکە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردەوە.
زیاتر بخوێنەوە
18:28
لەکاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە گرژی لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان دروستبوو.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی خوێندنەوە بۆ ماددەکانی حەوتەم، هەشتەم و نۆیەم لە پرۆژەیاسای چاکسازی دەمەقاڵێ لەنێوان پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی و نەوەی نوێ دروستبووە بەهۆی جیاوازی بیروبۆچوونیان و بەکارهێنانی چەند وشەیەک بەرامبەر یەکدی.
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی ئەو گرژییەوە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان پاش راوەستانی دووبارە دەستیپێکردەوە.
زیاتر بخوێنەوە
13:11
پەرلەمانتارێک: ئەو بڕەی بۆ خانەنشینی پەرلەمانتاران دەستنیشاندەکرێت لە 50% زۆر کەمترە
زانا مەلا خالد: بە هیچ شێوەیەک مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دڵنیایی ئەوە دەداتە کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کە بە هیچ شێوەیەک مینحەکانیان نابڕدرێت و دەڵێت، ئەو بڕەی ئەمڕۆ بۆ خانەنشینی پەرلەمانتاران دەستنیشاندەکرێت لە 50% زۆر کەمترە.
زانا مەلا خالد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 12-01-2020 گفتوگۆ لەسەر زۆربەی ماددەکان کرا، ئەوەی ماوەتەوە پەنا بە خودا لەگەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکان گفتوگۆی لەسەر دەکەین و هەوڵدەدەین کۆی پرۆژەیاسایەکە تەواوبکرێت بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی ئاییندەدا بخرێتە دەنگدان و ئەو یاسایە لە پەرلەمان دەربچێت، کە دەستکەوتێکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان.
زانا مەلا خالد دەڵێت "ئەو ماددانەی دوێنێ گفتوگۆیان لەسەر کرا، ماددەی زۆر گرنگ بوون، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو کۆدەنگییەک هەبوو لەنێو هۆڵی پەرلەمان لەنێوان فراکسیۆنە جیاوازەکان و زۆربەمان کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە نابێت ئیمتیازاتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان کەمبکرێتەوە، نابێت مینحەی زیندانیانی سیاسی ببڕدرێت، ئەمانە هەموو گرەنتی کراون لە دەقی یاسایەکەدا، بەڵام بەداخەوە لە دەرەوەی پەرلەمان کۆمەڵێک لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، کە گوایە ئێمە دەمانەوێت بە یاسا ئەو مینحانە ببڕین، بەڵام بە پێچەوانەوە دڵنیایی دەدەینە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بە هیچ شێوەیەک مینحەکانیان نابڕدرێت".
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت "ئەمڕۆ گفتوگۆی تێر و تەسەل دەکەین لەسەر خانەنشینی و دەرماڵەی فەرمانبەران و کۆمەڵێک بابەتی دیکە کە ماون. لەسەر خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلە باڵاکانیش، هیچ بڕێک دەستنیشان نەکراوە و ئەمڕۆ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ خانەنشینی 50% نین کە بڕێکی زۆرە و دەمانەوێت بڕێکی زۆرتر بۆ حکومەت بگەڕێتەوە تاوەکو خانەنشینی فەرمانبەران و پێشمەرگە و مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کەسوکاری شەهیدانی پێ زیاد بکەین".
زانا مەلا خالد ئاماژە بەوە دەدات، کە پێویست ناکات "ئێمەی پەرلەمانتاران بە شەش ملیۆن دینار خانەنشین بکرێین، بە دڵنیاییەوە مووچەکان دێتە ئەو ئاستەی کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدابێت، بۆیە ئەو بڕەی ئەمڕۆ دیاریدەکرێت لە 50% زۆر کەمترە".
18:48
پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ ماددەکانی دیکەی پرۆژەیاسای چاکسازیی دەکات
کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە (13-01-2020)ی پەرلەمانی کوردستان
رووداو - هەولێر
رۆژی یەکشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و خوێندنەوەی بۆ چوار ماددەی پرۆژەیاسای چاکسازیی کرد، ئەمڕۆش کۆدەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ ئەو ماددانەی دیکەی دەکات کە ماون.
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، بڕیارە کاژێر 10:30ی خولەکی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 13-1-2020 بەشی دووەمی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی دەستپێکات.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان چوار ماددەی سەرەکی خوێندنەوەیان بۆ کرا، لەوانە؛ حوکمی پرۆژەیاسایەکە، ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و ئەنفالکراوان و هەروەها خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لەگەڵ ئەو ماددەیەی کە زۆرترین گفتوگۆی لەسەر کرا کە تایبەت بوو بە پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوخۆ.
ئەو ماددانەی ئەمڕۆ خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت بریتین لە؛ رێکخستنەوەی دەرماڵە، بواری خانەنشینی و نەهێشتنی دوو مووچەیی، وەکو پەرلەمانتاران و حکومەتیش رایگەیاندووە دەرماڵەی هیچ کەسێک نابڕدرێت کە بە یاسایی بۆی تەرخانکراوە، بەڵکو رێکدەخرێتەوە، بۆ نموونە ئەوانەی مەترسیان لەسەر دەرماڵەی مەترسیان بۆ بڕدراوەتەوە، ئەوا دەرماڵەکانیان وەردەگرن، بەڵام خەڵکانێک هەن دەرماڵەی مەترسیان بۆ بڕدراوەتەوە، بەڵام هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە.
هاوکات وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونیش ئەوەی راگەیاند، کە مووچە و کەسوکاری شەهیدان ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت، بەڵکو رێکدەخرێنەوە.
پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە 19 ماددە پێکهاتووە، لەکاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەکە وەزیرە پەیوەندیدارەکان لە پەرلەمان ئامادەدەبن و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەدەنەوە و روونکردنەوە لەبارەی ماددەکانی پرۆژەکە دەدەن.
دووەم رۆژی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی