نرخی مریشکی زیندوو دادەبەزێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نرخی مریشک 300 دینار لە پەلەوەرخانەکان دابەزیوە، هۆکارەکەشی بۆ پێگەیشتنی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی عێراق گەڕاندەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ی کانوونی یەکەمی 2024، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەندێک لە پەلەوەرخانەکانی عێراق، بەرهەمی مریشکیان پێگەیشتووە و ئیدی لە هەرێمی کوردستان هاوردەی ناکەن، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخەکەی."
 
ساڵانە لە نێوخۆ زیاتر لە 265 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان لە یەک ساڵدا پێویستی بە 146 هەزار تۆن گۆشتی مریشکە، ئەوەی زیاد بێت هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
 
فیراس سدیق گوتی: "چەند رۆژێک پێش ئێستا یەک کیلۆ مریشکی گەورە (زیاترە لە 3 کیلۆ) بە دوو هەزار و 800 دینار بوو لە پەلەوەرخانەکان، بەڵام ئێستا نرخەکەی دابەزیوە بۆ دوو هەزار و 500 دینار، هەروەها مریشکی بچووک بە دوو هەزار و 450 دینار بوو ئێستا بە دوو هەزار و 250 دینارە."
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێگرییەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ هەناردەکردنی مریشکی زیندوو بۆ عێراق و نرخی گواستنەوە، بوونەتە هۆی ئەوە مریشک بە گرانی بگاتە عێراق، ئەوەش وایکردووە پشت بە بەرهەمی خۆیان ببەستن و لە کوردستان هاوردەی نەکەن و بەوهۆیەشەوە لێرە نرخەکەی دابەزیوە.
 
لە هەرێمی کوردستان، هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە