رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە بایکۆت فراوان بووە و لە سەنتەری شارەکانیش ژمارەیەک قوتابخانە دەرگەیان بە رووی قوتابیاندا داخستووە.
لە 01ـی ئەم مانگەوە لە بەشێکی قوتابخانەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتی دەوام دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، 12-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی دابەشکردنی مووچە دواکەوت، بازنەی بایکۆت لە سلێمانی و دەورووبەری فراوانتر بووە و ئێستا بەشێکی قوتابخانەکانی نێو شاریش بەهۆی بایکۆتەوە داخراون".
لە سلێمانی و دەورووبەری زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانە هەن. عەبدولواحید محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، لە دەورووبەری سلێمانی قوتابخانەی زیاتر داخراون. گوتیشی: "بەشێکی مامۆستایان دەڵێن، 60 رۆژە بێ مووچە دەوام دەکەن و پارەی هاتووچۆشیان پێ نەماوە".
لە هەڵەبجە و دەورووبەری 156 قوتابخانە هەن. فەرهاد قادر، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆرینەی قوتابخانەکانی دەورووبەر بەهۆی بایکۆتەوە داخراون. لە نێو شار شەش قوتابخانە داخراون و بەشێکی قوتابخانەکانیش زۆرینەی مامۆستاکانیان بایکۆتیان راگەیاندووە".
بایکۆتی ئەو سنوورانە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق پارەی تەواوی مووچەی بۆ مانگەکانی 10 و 11ـی هەرێمی کوردستان نەناردووە.
ساڵی رابردوو لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا لە 13ـی ئەیلوول، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی ئەم ساڵ درێژەی کێشا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ