وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ رووداو: لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە هەولێرەوە وەڵامی پرسیارێکی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی دایەوە و رایگەیاند: "ئێمە چۆن لە شەڕی داعش پشتیوانی پێشمەرگەمان کرد، ئێستاش لە هاوکاریکردنی بەردەوام دەبین."
رۆژی پێنجشەممە، بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەدوای کۆبوونەوەکەیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
بۆریس پیستۆریەس لەبارەی بوونی هێزەکانیان لە عێراق گوتی: "بوونی هێزەکانمان لەم ناوچەیە گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش."
ئەڵمانیا بەدرێژایی شەڕی داعش هاوکاریی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانی کردووە، بە تایبەت وەکو راوێژکاری سەربازی، لەوبارەیەوە وەزیرە ئەڵمانییەکە باسی لەوەکرد: "کار و هاوکارییەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت."
لەبارەی دۆخی سووریا، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەڵێت، چاودێریی گۆڕانکارییەکان لە سووریا دەکەن و پاشان جۆری مامەڵە لەگەڵ ئەو حکومەتە دیاری دەکەن.
بەپێی گوتەکانی لە بۆریس پیستۆریەس لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە لەگەڵ تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی سووریا کۆدەبنەوە و رایگەیاند: "کارەکانی تورکیا و بەرژوەندییەکانی کاریگەرییەکی زۆر زیاتریان بەسەر تەواوی ناوچەکەوە هەیە بەتایبەت دوای کۆتاییهاتنی رژێمی ئەسەد لە سووریا. بۆیە زۆر گرنگە بەیەکەوە گفتوگۆ بکەین و چارەسەر بۆ هەموو کێشەکانی ناوچەکە بدۆزینەوە. ئەمەش ئەوەیە کە دەیکەین."
پێش ئەوەی بێتە هەولێر، بۆریس پیستۆریەس رۆژی چوارشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2024) لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوتا عێراقییەکەی سابیت عەباسی، کۆبووەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە دۆخی ناوچەکە، باسی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی سووریا و رۆڵی وڵاتانی ئەورووپا کراوە لە "ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سووریا."