نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەڵمانیا دەکات بۆ پشتگیریی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان و عێراق

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە هەولێر
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەڵمانیا دەکات بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. نێچیرڤان بارزانی، هاوكاريى‌ هێزه‌كانى ئه‌ڵمانياى له‌ پرۆسه‌ى يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و يارمه‌تييه‌كانى ئه‌ڵمانيا بۆ پێكهاته‌كان، به‌تايبه‌تى ئێزدييان بەرز نرخاند.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-12-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کرد و کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، جێگرى سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌، سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌، باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌ڵمانيا ئاماده‌ بوون.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، "دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووريا، کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر ئەرک و چالاکیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و دۆخی گشتیی عێراق، تاوتوێ کران، هەروەها دەربارەی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جياكاندا، بیروڕایان گۆڕییەوە".
 
 
نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هه‌موو بوارەکاندا دووپات کردەوە. ستايشى رۆڵی ئەڵمانیای لە پشتیوانیکردنی عێراق و هه‌رێمى كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا كرد، هه‌روه‌ها هاوكاريى‌ هێزه‌كانى ئه‌ڵمانياى له‌ پرۆسه‌ى يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و يارمه‌تييه‌كانى ئه‌ڵمانياى بۆ پێكهاته‌كان، به‌تايبه‌تى ئێزدييان بەرز نرخاند.

 

 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا جەختی لەسەر پابەندیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیری و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا کردەوە. هه‌روه‌ها خۆشحاڵيى خۆى به‌ ئه‌ركى هێزه‌كانيان له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە