رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی نەینەوا سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ تاوانباری ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی هەیسەم-ی قەزای حەمدانیە دەرکرد.
کاژێر 10:30ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، بنمیچی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بەناوی هۆڵی هەیسەم گڕی گرت. بەوهۆیەوە 127 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش برینداربوون.
بە گوێرەی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداوکەوتووە، دادگەی تاوانەکانی نەینەوا (دەستەی دووەم) رۆژی چوارشەممە 11-12-2024 بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەمال داوود قەرۆ شنگالی و ئەندامیێتی عەلی حەسەن حوسێن و مەجید نایف حەسەن عانی لەبارەی دۆسیەی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵی هەیسەم کۆبووەوە و بڕیاری لەبارەی دۆسیەکە دا
دادگە بڕیاری دا بە "سزادانی تاوانبار سەمیر سلێمان کرومی رەفۆ ئاسۆ بە 10 ساڵ زیندانی. ماوەی دەستبەسەرکردنەکەشی لە 17-09-2023 تاوەکو 10-12-2024 بۆ هەژمار دەکرێت."
بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگە، تاوانەکەی بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکەی هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیە کە گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتەوە.
دادگەکە مافی داوەتە سکاڵاکار و برینداران وەک مافی کەسی لە دادگا مەدەنییەکان داوای قەرەبوو بکەنەوە، دوای ئەوەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ناوی حەوت کەس هاتووە، مافیان نییە داوای قەرەبووی کەسی بکەنەوە، ئەوانیش: ئیبتسام حەجی سلێمان، غەزووان سلێمانی عەبدال، مەیسەم مویەد دانوو یەعقوب، نعیمە جنان یوسف رمۆ، ستیڤ شوقی هومرز سەلاقە، رجاء قریاقوس عەزۆ و عەبدولعەزیز مەجید مەنسوور.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە 12-12-2024، بڕیارەکەی دادگەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، "پێشوازی لێدەکەین، تاوانبار کە خاوەنی هۆڵەکەیە سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە".
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، "هۆڵەکە بەشێوەیەکی نایاسایی، بێ بوونی مەرجی سەلامەتی و بە ساختە دروستکرابوو".
هەروەها راشیگەیاند، بڕیارەکە پەیامێکی دڵنیاییە بۆ خەڵکی نەینەوا و ئەوانەشی کاری نایاسایی و سەرپێچی دەکەن، سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ