بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە قوتابییانی 5 قوتابخانەی سنووری ئامێدی ناتوانن دەوام بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە، قوتابییانی پێنج قوتابخانە لە چوار گوندی دەڤەری نێهل لە سنووری ئامێدی نەیتوانی بچنە دەوامەکانیان. بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلووک دەڵێت، سەردانی ئەو گوندانە دەکات بۆ چارەسەری کێشەکە.
 
رۆژی چوارشەممە، 11-12-2024 دوو درۆن لە گوندی بەرچی کەوتنەخوار بەهۆیەوە دەوامی قوتابخانەکان لە گوندی بەرچێ بەوهۆیەوە راگیرا. ئەمڕۆش قوتابییانی قوتابخانەی ئامادەیی نهێل، قوتابخانەی بنەڕەتی گەندی بەرچی و هەرسێ قوتابخانەی گوندەکانی گوهەرزێ، بەلاڤە و سەرگەلێ لە سنووری دێرەلووک نەچوونە قوتابخانە.
 
مەلا لەزگین بەرچی، دانیشتووی گوندی بەرچی بە رووداوی گوت: "رەوشی ئەمنی ئێمە لە هەر چوار گوندەکە زۆر خراپە، تورکیا نزیکەی 10 خاڵی سەربازی لە کەمتر لە یەک کیلۆمەتر لەنزیک گوندەکە داناون، رۆژانە شەڕ لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لەو خاڵانە روودەدەن."
 
ئەو دانیشتووەی گوندەکە باسی لەوەشکرد: "بەهۆی شەڕەکەوە تۆپ، گوللـە و هاوەن دێنە نێو گوندەکە، تائێستا 25 تۆپ و درۆن لەنێو ئەو چوار گوندە کەوتوون."
 
مەلا لەزگین دەڵێت، بۆیە بڕیاریان داوە قوتابییەکانیان نەچنە قوتابخانە تاوەکو چارەسەری ئەو بارودۆخە دەکرێت.
 
هاوکات، رێبەر گویزی، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلووک بە رووداوی راگەیاند: "لەسەر ئەو کێشەیە ئەمڕۆ سەردانی ئەو چوار گوندە دەکەم و لەگەڵ خەڵکەکەی کۆدەبمەوە تاوەکو چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بکەین و جارێکی دیکە قوتابییانیان بگەڕێنەوە قوتابخانە و دەوامی ئاسایی خۆیان بکەن."
 
بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا زیاتر لە ساڵێکە بارودۆخی ئەمنی بەشێک لە گوندەکان و شارۆچکەکانی سنووری ئامێدی ناجێگیرە، بە تایبەت گوندەکانی دەڤەری نهێل، بەرێگارێ و هەردوو ناحیەکانی دێرەلووک و شیلادزێ لە نزیکەی 60 هەزار کەس لەو دوو ناحیەیە نیشتەجێن.