رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو دێت چیرۆکی بێسەروشێنبووەکان لە سووریا ئاشکراتر دەبن و کەسوکاریان هێشتا هیوایان ماوە بەرگەی ئەشکەنجە و سەختییەکانی چەند ساڵەی زیندانیان گرتبێت و لە ژیاندا مابن.
فەرمان عەبدولحەسیب عەلی، لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا و ماوەی هەفتەیەک بووە کە ژیانی هاوژینی لەگەڵ کچێکی کوردی خەڵکی حەلەب پێکهێنابوو، بەڵام لە ساڵی 2011 لەناکاو لە دیمەشق ون دەبێت و ئیدی ناگەڕێتەوە.
مزگینە عەبدولحەسیب عەلی، خوشکی فەرمان بە رادیۆی رووداوی گوت، "ئێمە خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانین و براکەم لە دیمەشق لە شوشتنگەیەکی ئۆتۆمبێل کاری دەکرد، بەهۆی ئەوەی ناسنامەمان نییە و هەر زوو دایک و باوکمان کۆچی دواییان کردووە، بۆیە بە دیاریکراوی تەمەنی نازانم، بەڵام ئەوکات کە ونبوو نزیکەی 20 ساڵ دەبوو، ئەوە نزیکەی 13 ساڵە ئێمە لە چاوەڕوانی گەڕانەوەیداین".
ئەو هاونیشتمانییە کە لە ساڵی 2013وە سێ برا و خوشکێکی پەنایان هێناوەتە باشووری کوردستان و ئێستا لە کەمپی گوێلان نیشتەجێن، دەڵێت، "براکەم، بچووکی هەموومان بوو، گوتی دەچمەوە دیمەشق و دواتر بە یەکجاری لەگەڵ هاوژینەکەم دەگەڕێمەوە قامشلۆ، بەڵام هەر ئەو رۆشتنە بوو و ئیتر نەگەڕایەوە".
مزگینە ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای ونبوونی براکەی لە 2011، چەند جارێک چوون بۆ سۆراخی، بەڵام هیچیان دەستنەکەوتووە. داواکارن چارەنووسی براکەیان ئاشکرا بکرێت.
چیرۆکی چاوەڕوانیی گەڕانەوەی کوڕە بێسەروشوێنەکەی خەریکە فرمێسکی چاوی ئەسماخانی دانیشتووی منبج وشک دەکات، ئەو بەدەم گریانەوە باسی چیرۆکی ونبوونی کوڕەکەی دەکات بەناوی (جەلال رەمەزان) کە لەدایکبووی 1980یە و نزیکەی حەوت ساڵ دەبێت ئەویش لە دیمەشق ونبووە.
ئەسماخان عەلی، دایکی (جەلال رەمەزان)ی بێسەروشوێنە، ئەو بە رادیۆی رووداوی گوت، "نزیکەی 20 ساڵە کوڕەکەم نەدیوە، لە دیمەشق کاری دەستگێڕی دەکرد و کاڵای دەفرۆشت، بەهۆی ونکردنی ناسنامەکەیەوە نەیدەتوانی سەردانمان بکات، ئەوە نزیکەی حەوت ساڵە بێسەروشوێنە، ئێستاش هەموو هیوایەکم ئەوەیە کوڕەکەم بگەڕێتەوە".
ئەو دایکە بەتەمەنە، هێشتا ئازار و ناڵەی ونبوونی جەلالی کوڕی ساڕێژ نەبووبوو، کوڕێکی دیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا لەکاتی لەحیمکردندا تانکەرێکی سووتەمەنی پێیدا دەتەقێتەوە و گیان لەدەستدەدات.
ئەسماخان دەڵێت، "ئەو کوڕەم کە بەهۆی تەقینی تانکەرێکی سووتەمەنی گیانی لەدەستدا؛ تەواو دەزانم کە مردووە، بەڵام جەلال ئەوە چەند ساڵە لەتاو ئازاری سۆراخێکی دەتلێمەوە و هەر چاوەڕێی هەواڵێکم بۆ گەڕانەوەی".
ئەسماخان عەلی لە رێگەی رووداوەوە داواکارە، هەرکەسێک زانیاری لەسەر کوڕەکەی هەیە یان سۆراخی دەزانێت، ئاگاداریان بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ