شەڕێکی سەخت لە بەنداوی تشرین دەکرێت؛ مەترسیی تەقین و سەرڕێژبوونی لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەڕێکی سەخت لە بەنداوی تشرین دەکرێت. سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت: "لە ئاسمان و زەوییەوە هێرش کراوە".
بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتیی بەنداوەکانی فورات لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، پەیوەندییان لەگەڵ فەرمانبەرانی بەنداوەکە پچڕاوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەڕێکی قورس لە بەنداوی تشرین لە ئاسمان و زەوییەوە هەیە، هێزەکانی هەسەدە لەوێن، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەست راگەیێندرا، بەڵام شەڕ بەردەوامە".
بەنداوی تشرین چوار تۆڕباینی ئاوی هەیە، یەکێکیان کێشەی بۆ دروستبووە و ئێستا ئاو چووەتە هەموویانەوە. ئەو سەرچاوەیە گوتی، "مەترسی لەکارکەوتنیان لەسەرە و پێویستیان بەوەیە ئاگایان لێی بێت".
لە خوارووی بەنداوەکەوە ژمارەیەک گوند هەن، واتە لە رووی رۆژهەڵات و رۆژئاوای فورات، "مەترسییان لەسەرە و لە ئەگەری هەر رووداوێکدا رەنگە ژێرئاو بکەون".
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "ئەگەر بەنداوەکە نەشتەقێ، لە ئەگەری سەرڕێژبوونیدا، هەر مەترسییە بۆ سەر ئەو گوندانە".
هاوکات، وەلات دەروێش، بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتیی بەنداوەکانی فورات لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، لە کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆوە شەڕ دەستیپێکردووەتەوە و پەیوەندی لەگەڵ کارمەندانی بەنداوەکە پچڕاوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکانی فورات بە رووداوی گوت، "لە کۆی 270 فەرمانبەری بەنداوەکە تەنیا 6 کارمەند لە ئەرکدان".
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، "پێکدادان لە نزیک بەنداوەکە بەردەوامە، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، دوورنییە کارەساتی مرۆیی رووبدات کە کاریگەری لەسەر عێراقیش دەبێت".
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە. سێ رۆژە گرووپە چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر ئەو بەنداوە و فڕۆکەکانی تورکیاش بۆردوومانی سنوورەکە دەکەن.
دوێنێ چوارشەممە، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی گوت، بەهۆی بوردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین، ماوەی دوو رۆژە کارەبای کۆبانێ بڕاوە.
عەدنان بۆزان، لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند گرووپە چەکدارەکان "تاوەکو سنووری رووباری فورات هاتوون، بەڵام تێنەپەڕیون".
عەدنان بۆزان گوتی، "بەهۆی بۆردوومانی تورکیا، زیان بە بەنداوی تشرین گەیشتووە، ماوەی دوو شەوە کارەبای کۆبانێ بڕاوە و خەڵک لە رێگەی موەلیدەوە کارەبا دابین دەکەن".