چالاکڤانان و بەرپرسانی کورد لە عەفرین: زیاتر لە 200 کەسی گەڕاوە دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
دوای گەڕانەوەی بەشێکی ئاوارەکانی عەفرین بۆ سنووری خۆیان، چالاکڤانان و بەرپرسانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێن، زیاتر لە 200 کەس بە پاساوی جیا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سنوورەکەوە دەستگیرکراون.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە دوو هەزار خێزان گەڕاونەتەوە بۆ عەفرین و لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ئاستەنگییان بۆ دروست دەکرێت و زیاتر لە 200 گەنجیان دەستگیرکراون".
بە گوتەی ئەحمەد حەسەن کە خۆی لە عەفرینە، دەستگیرکردنی ئەو گەنجانە بەو پاساوەیە، کە "پێشتر لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کاریان کردووە".
هەر ئەمڕۆ ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی عەفرینی و بەرپرسی پێشووی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو خێزانانەی چوونەتەوە عەفرین دۆخی ژیانیان باش نییە، تاوەکو ئەمڕۆ کەسیان خانوو و ماڵی خۆیان پێنەدراوەتەوە، چونکە عەرەبە هاوردەکان ماڵەکانیان چۆڵ نەکردوون".
شێخۆ گوتی: "بنەماڵەکان لێکترازاون؛ پیاوەکان دەستگیرکراون و ژنەکان لە گوندەکانی دوور لە شوێنی خۆیان جێگیرکراون. تاوەکو ئێستا نزیکەی 3 هەزار کەسیان بێ سەروشوێنکراون، لەوانە نزیکەی 300 کەسیان دەستگیرکراون".
یەکێکی دیکە لە هۆکاری دەستگیرکردنی پیاوەکان نەدانی پارەیە بە گرووپە چەکدارەکان، ئەوەش بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ.
بە قسەی سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین، لە ناحیەی شیا لە سنوورەکە هەر خێزانێک بگەڕێتەوە داوای 10 هەزار دۆلاری لێ دەکەن. لە ناوچەکانی دیکەش لە 100 دۆلارەوە بەرەو سەرەوە داوای پارە لەو خێزانە کوردانە دەکرێت دەگەڕێنەوە.
08ـی ئەم مانگە دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) دیمەشقی کۆنترۆڵکرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵاتەکە هێنا.
دوای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق، گرووپە چەکدارەکان هەردوو ناوچەی شەهبایان کۆنترۆڵکرد، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو، ئەوە وایکرد خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە کە زۆرینەیان هاونیشتمانی عەفرین بوون و لە ئاوارەییدا بوون جارێکی دیکە بەشێکیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوونەوە و بەشێکیشیان گەڕانەوە عەفرین و دەوروبەری.