رووداو دیجیتاڵ
دیوانی باڵای دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییەی رەتکردەوە کە پێشتر لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022، بە تۆمەتی تەقەکردن و کوشتنی منداڵێک لە خوزستان دەستگیرکرا.
موجاهید کورکور، کانوونی یەکەمی ساڵی 2022، دوای خۆپێشاندانێک لە بازاڕی ئیزەی سەر بە پارێزگای خوزستان، بە تۆمەتی تەقەکردن لە بازاڕەکە و کوشتنی منداڵێکی تەمەن 9 ساڵان بە ناوی کیان پیرفەلەک و شەش کەسی دیکە دەستگیر کرا.
دوێنێ چوارشەممە (11-12-2024)، نیگار کورکور، خوشکی تۆمەتبارەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، هەواڵی رەتکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی براکەی پشتڕاستکردووەتەوە کە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران، دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوەی دووبارە، گەڕاندووەتەوە بۆ دادگەی پەیوەندیدار.
دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتییە لەکاتێکدایە، کەسوکاری کیان پیرفەلەک چەندین جار رایانگەیاندووە هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان، تەقەی هێزە ئەمنییەکان بووە و هیچ سکاڵایەکیان لە موجاهید کورکور نییە، بەڵام دواتر تۆمەتەکەی موجاهید لە ''کوشتنی ئەنقەست'' بۆ ''چالاکیی چەکداری و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی وڵات'' گۆڕدرا.
عەباس کورکور ناسراو بە موجاهید تەمەن 41 ساڵ، رۆژی 20-12-2022، نزیکەی مانگێک دوای کوژرانی کیان پیر فەلەک، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری ئیزە دەستگیرکرا و ئێستا لە زیندانی شیبانی ئەهواز راگیراوە.
ئەوکات، جیا لە کەسوکاری کیان پیر فەلەک، زۆر لە شایەتحاڵانی هێرشەکەی سەر بازاڕی ئیزە و خۆپێشاندەران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی نەناسراو باسیان لەوە دەکرد کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و جگە لە کیان پیر فەلەک، دوو منداڵی دیکە بە ناوەکانی سێپێهر مەقسوودی تەمەن 14 ساڵ و ئارتین رەحمانیی پیانی تەمەن 17 ساڵیش بە دەستی ئەوان کوژراون.
خوشکی موجاهید و پارێزەرانی، چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە، لە کاتی خۆپێشاندان و تەقەکردنەکەدا لە بازاڕی ئیزە، موجاهید کورکور لە شوێنی رووداوەکە نەبووە.
خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لەدوای مردنی "گوماناوی"ـی ژینا ئەمینی دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تاران دەستیپێکرد.
ژینا ئەمینی کچێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی سەقزی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2022 لە وێستگەیەکی میترۆی تاران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستبەسەر کرا و دواتر باری تەندروستیی تێکچوو و گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ