دەم پارتی: هێزەکانی تورکیا لە رۆژئاوا هێرش دەکەنە سەر کورد
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی دەڵێت، تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەیدا بەردەوامە لە دووژمنایەتی بەرامبەر کورد.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە (11ـی کانوونی یەکەم) لە دانیشتنی پەرلەمان دا رایگەیاند، نابێت تورکیا لە نێوخۆدا دەستی ئاشتی بۆ کورد درێژ بکات و دووژمنایەتیی کوردانی پارچەکانی دیکە بکات.
کۆچیغیت گوتی "پێویستە تورکیا دەستی بۆ کوردانی تورکیا، رۆژئاڤا، باشوور و رۆژهەڵات درێژبکاتەوە و جیاوازی لەنێوان کورددا نەکات."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی جەختی کردەوە، رۆژئاوای کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا و 'ئاسایشی سنوورەکان، تەنیا لە رێگەی ئاشتیەوە دەستەبەر دەکرێت.'
لەلایەکی دیکەوە پەرلەمانتارانی دەم پارتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12 ـی کانوونی یەکەم، لە پەرلەمانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ناڕەزایەتییان بەرامبەر هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
دەقی قسەکانی گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی:
لە 27ـی ئەم مانگەوە تورکیا و ئەو هێزانەی لەژێر کۆنترۆڵیدان، کە ماوەیەکی زۆرە مەشقیان پێدەکات و پڕچەکیان دەکات و سەرچاوەی لۆجستی و سەربازی و سیاسییان بۆ دابین دەکات، نیشتەجێن لە تورکیا و ناوی ناوە سوپای نیشتمانیی سووریا، دەنێرێتە سەر کورد. ئایا بینیوتانە ئەمڕۆ سوپای نیشتمانی سووریا شەڕی هەتەشە بکات؟ نەخێر ئێمە نایبینین. لە کوێ شەڕی یەکدی دەکەن؟ لەو شوێنانەی تاڵان هەبێت. یەکدی بە تاڵانکردن تۆمەتبار دەکەن و لەو شوێنانە شەڕی بچووک روودەدات. سوپای نیشتمانی سووریا ئەمڕۆ شەڕ لەگەڵ کێ دا دەکات؟ شەڕی دەستەی تەحریر ناکات کە لەلایەن تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، بەڵکو لەگەڵ ئەو هێزە کوردییەدا شەڕ دەکەن، کە تەنیا تورکیا و قەتەر پێی دەڵێن رێکخراوی تیرۆریستی، بەڵام لە هەموو جیهاندا رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە. هێرش دەکاتە سەر هێزە کوردییەکان، هێرش دەکاتە سەر جوگرافیای کورد. هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد. ئەمە چیمان پیشان دەدات؟ درێژەدان بە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا نیشان دەدات، کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر بنەمای دژایەتیی کورد، کوردفۆبیا و لەنێوبردنی دەستکەوتەکانی کورد بنیاد نراوە.