چوونی خەڵک بۆ 14 ناوچەی شرنەخ قەدەخە کرا

رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، بۆ ماوەی 15 رۆژ چوونی خەڵک بۆ 14 ناوچە قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکەش بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە رۆژی پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەم لەلایەن پارێزگای شرنەخ بڵاوکراوەتەوە، 14 ناوچەی سەربە ناوەندی شاری شرنەخ و شارۆچکەکانی جزیر، سلۆپی، باسا، قلەبان و ئەلکێ لە سنووری ئەو پارێزگایە وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ ماوەی 15 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کراوە.
 
بڕیاری قەدەخەکردنەکە رۆژی هەینی 13ـی کانوونی یەکەم دەستیپێدەکات و تاوەکو 27ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
 
ئەو چیا و ناوچانەی قەدەخە کراون بریتین لە، "چیای جوودی، ناوچەی بەستا، چیای گورێ، کورەشین، دەریێ داوەتیا، کەلا مەمێ، فەڕاشین، زێرینە، چیای گابار، نەوالا سار، تەحتێ رەش، هۆزا مێری و ناوچەی تەنینێ". 
 
پارێزگەی شرنەخ رایگەیاندووە، "بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون" و داوای لە خەڵکی کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن. 
 
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیێنرێت.