دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر: 94٪ـی دانیشتووان نەوتیان وەرگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر دەڵێت، 94٪ـی دانیشتووانی سنووری پارێزگاکە نەوتیان وەرگرتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەری هەیە کۆتایی هەفتەی داهاتوو پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لە پارێزگاکەدا کۆتایی بێت و هەموو هاونیشتمانییان نەوتیان پێدەدرێت.
بەگوێرەی پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بە سێ قۆناخ دەبێت، قۆناخی یەکەم لە ناوچە شاخاوییەکان؛ قۆناخی دووەم لە دەوروبەری شارەکان و قۆناخی سێیەم و کۆتایی لە ناوەندی شارەکان دەبێت.
بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر گوتی: "پڕۆسەکە لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەر تەواو بووە. تەنیا هەندێک ماڵ لە سەنتەری شار ماون."
ئاری کاکەشین گوتیشی، "رۆژانە زیاتر لە 1.5 ملیۆن لیتر نەوت دابەش دەکەین، زیاتر لە 7000 خێزان لێی سوودمەند دەبن."
هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 219 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک خێزان دابەش کراوە و دەکاتە 80% کۆی نەوتی دابەشکراو.