کەشناسی پێشبینیی بەفربارین لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ نمەباران و بەفر سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و دواتر لە سۆران دەبارێت. کەشناسێکیش دەڵێت، "سبەی ئێوارە لە تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی ئەگەری بەفربارین هەیە."
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی لەنێوان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارە نمەباران و بەفر سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور دەبارێت پاشان کاریگەریی شەپۆلەکە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدارەی سۆران و بەفر لە تەواوی ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی ئەم دەڤەرە دەبارێت."
لەبارەی کەشوهەوای سبەی هەینی، کەشناسی دەڵێت، "سبەی ئاسمان هەور دەبێت، نمەباران و بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتی لە ناوچەکانی ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین دەبارێت، پاشان کاریگەری بە لاوازی درێژ دەبێتەوە بەرەو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە پلەی گەرمای رۆژی هەینی، کەشناسی رایگەیاندووە: "سبەی پەلەی گەرما نزم دەبێتەوە بە 3-4 پلە لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەتی ناوچە سنوورییەکان زیاتر نزم دەبێتەوە بە 4-7 لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ."
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "ئێوارەی 13 و 14ـی مانگە لە تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی دەکەونە دامێنی چیاکان، ئەگەری بارینی بەفر و باران هەیە."
بە گوتەی محەممەد کەمال، لە کۆتا ساتی شەپۆلەکەدا ئەگەری 40٪ هەیە، کە بەفربارینەکە دابەزێت بۆ ئیدارەی سۆران و بەرزاییەکانی سلێمانی، بەو هۆیەوە کەشوهەوا تەواو سارد دەبێت، پلەی گەرما زیاتر لە 7 پلە دادەبەزێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ رۆژی هەینی:
هەولێر: 14 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 7 پلەى سیلیزى
دهۆک: 11 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 12 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 11 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 11 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: -1 پلەى سیلیزى
سۆران: 8 پلەى سیلیزى