نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سوپاسالاری بەریتانیا کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد و ستایشی رۆڵ و پشتیوانی ئەو وڵاتەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-12-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ئەدمیراڵ سێر ئه‌نتۆنی راداکن، سوپاسالاری بەریتانیا و شاندێکی باڵای سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری کۆبووەوە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان و پێشهاته‌ خێراکانى ناوچەکە، به‌تايبه‌تى له‌ سووريا و ئەرکی هاوپەیمانيى نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و پەیوەندییەکانی به‌ريتانيا له‌گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران."
 
نێچیرڤان بارزانی "ستایشی رۆڵ و پشتیوانیی بەردەوامی" به‌ريتانياى لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و "سوپاس و پێزانينی بۆ هێزەکانی بەریتانیا دووپات كرده‌وه‌، كه‌ يارمه‌تيى هەرێمی کوردستان ده‌ده‌ن لە پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە."
 
بە گوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: "ئەدمیراڵ راداکن پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیی زیاتر و بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپاتکردەوە."
 
لە کۆبوونەوەکەدا ئەو بەرپرسە سەربازییەی بەریتانیا، "ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی هاريكارى و هەماهەنگی کرد بۆ دڵنیابوون لە بەرەنگاربوونەوەی سەرکەوتووانەی مەترسییەکانی تیرۆر و پاراستنى سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌." ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.