سەرچاوەیەکی نزیک لە هەسەدە: سوپای نیشتمانی سووریای نزیک لە تورکیا ئاگربەستی شکاند
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند: "هێرشی سوپای نیشتمانی بۆ سەر بەنداوی تشرین دەستپێکردووە و ئاگربەستی شکاند."
ئەو سەرچاوەیەک باس لەوەش دەکات، کە "مەترسیی تەقینی بەنداوی تشرین هەیە بەهۆی شەڕەوە."
پێشووتر هۆشداری درابوو لەبارەی تەقینی بەنداوەکە و ئەگەر بتەقێت کارەساتێکی مرۆیی دروست دەبێت.
ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و ئەو گرووپە چەکدارەدا، دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیی راستەوخۆی نێوان گرووپی سوڵتان مراد و هەسەدە دروست ببوو. کە بە ئاگاداری تورکیا و سەرپەرشتی ئەمریکا بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، 11-12-2024 شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی سەردانی رۆژئاوای کوردستانیان کرد و لە قامشلۆ لەگەڵ پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) کۆبوونەوە، کە پەیەدە و پارتەکانی نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێیدا ئەندامن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، داوایان لە پەیەنەکە کرد، دەستبەجێ لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دەست بە دیالۆگ بکەن و کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن.
گوتیشی شاندی فەرەنسی ئەمریکی جەختیان لەوە کردووەتەوە؛ لەکاتی چوون بۆ دیمەشق، خاڵی سەرەکیی گفتوگۆکان ئەوە بێت کە ناوچە کوردییەکان لە هەڕەشەکان پارێزراو بن و کۆتایی بە هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان بهێنرێت. ''ئەگەر رێککەوتنێک لەنێوان ئێمە و دیمەشقدا نەکرێت، ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن، دەبێ بە هەر شێوەیەک بێت، هێرشی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە رابگیرێن.''
رۆژی یەکشەممە 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و لە میدیای فەرمیی دەوڵەت رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند. دواتر، رووسیا رایگەیاند بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن و مافی پەنابەرییان پێدراوە.