فرۆشتنی دۆلار لە فڕۆکەخانەی کەرکووک دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەی کەرکووک دەستیپێکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 12-12-2024، هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک فرۆشتنی دۆلار کرایەوە بۆ سەرجەم گەشتیاران بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک گوتی: "بە گوێرەی ئەو بەشەی دیاریکراوە، رۆژانە 150 بۆ 200 گەشتیار سوومەند دەبن لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی".
رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوە و شاندێکی حکومەتی عێراق لە رێوڕەسمێکدا فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە. یەکەم گەشتی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەکە لە هەمان مانگدا بۆ تورکیا بوو.
رۆژی 27-10-2024 بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، دەروازە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی دەکاتەوە، کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەداتە گەشتیاران.