رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە گەشتێکی دوو رۆژەیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەردانی عەممان و بەغدای کرد، ئەمڕۆش سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوتا عێراقییەکەی سابیت عەباسی، کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان دۆخی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی سووریا بووە، باس لە رۆڵی وڵاتانی ئەورووپا کراوە لە "ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سووریا."
هەروەها وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا هیوای خواستووە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەڵمانیا فراوانتر بن و تەنیا لە بواری سەربازیدا نەمێنێتەوە و بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە.
بڕیاریشە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەم، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە.
هێزەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی 2015ـەوە لە هەرێمی کوردستان و عێراقن وەکو ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش. ئەڵمانیا رایگەیاندووە ئەوان لەسەر دوو بنەما لە هەولێر و بەغدان ئەوانیش؛ هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەنێویشیان هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. هەروەها پشتگیریی مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
ئێستا ئەڵمانیا 500 راوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە، لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە ئەرکی هاوپەیمانیی ناتۆ لە عێراق هەروەها وەکو ئەندامێکی کاراش لە شەڕی دژ بە داعش.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەڵمانیا یەکێکە لە ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە رۆڵی هەیە لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی هەردوو یەکەی 70 و 80.
لە ماوەی رابردووشدا نەخۆشخانەیەکیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر دروست کردووە، بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و تیمارکردن و چارەکردنی پێشمەرگە بریندارەکان.
سوپای ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ پێشمەرگە، پێداویستی و کەلوپەلی سەربازی بۆ دابین کردوون، لەوانەش چەکی میلانی دژە تانک، کە پێشمەرگە لە دژی داعش بەکاریدەهێنا.
پێش گەیشتنی بۆ بەغدا، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە، سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی کرد لە بنکەی سەربازیی ئەزرەق لە ئوردن و لەوێ لە پەیامێکدا لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاند "ئێستا بەرەو عێراق دەچین. ئەڵمانیا بۆ چەندین ساڵە لەوێ چالاکە. دەمانەوێت بەشداربین لە سەقامگیریێکی فراوان و پتەو لە ناوچەکە. هەروەها لە داهاتووشدا و بێگومان تەنیا بە ئامرازە سەربازییەکان نا، بەڵکو لەگەڵ هاوبەشە ئەورووپییەکانمان لە مژاری دیکەشدا. وەکو وەزارەتی بەرگریی ئێمە پشتگیریی شەڕی دژی داعش دەکەین، برەودان بە توانستەکان، پەروەردەکردنی هێزەکانی ئاسایش و شەڕکەر لە عێراق، هەربۆیە، هەنگاوێکی ئەرێنی بوو کاتێک پەرلەمانی فیدرالی ماوەیەک لەمەوبەر ئەرکەکە [ئەرکی سوپای ئەڵمانیا]ی جارێکی دیکە درێژکردەوە."
ئەرکی سوپای ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 31-10-2024 کۆتاییدەهات، بەڵام پەرلەمانی وڵاتەکە ئەرکی ئەو هێزانەی بۆ ماوەی 15 مانگ و تاوەکو 31ـی کانوونی دووەمی 2026 درێژ کردەوە.
لە دوای 2015ـەوە ئەڵمانیا زیاتر لە 2.4 ملیار یۆرۆی بۆ بواری مرۆیی، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان خەرجکردووە. هەروەها لە سووریا، سوپای ئەڵمانیا، لەچوارچێوەی هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 85 ملیۆن یۆرۆی وەکو هاوکاریی مرۆیی خەرجکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ