ئەنجوومەنی پەنابەرانی رۆژهەڵات: بەناوی یوئێن و رێکخراوێکی سوێدییەوە پەیوەندی بە پەنابەرانەوە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەند کەسێک بەناوی رێکخراوی جیاوازەوە پەیوەندییان بە ژمارەیەک پەنابەر و خێزانەکانیانەوە کردووە، گوایە ناسنامەی باری شارستانیی عێراقیان بۆ دەردەهێنن.
 
رۆژی سێشەممە، 12-12-2023، ئەنوەر عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند کەسێک بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە پەنابەران کۆبوونەتەوە و زانیارییان لێوەرگرتوون گوایە ناسنامەی باری شارستانیی عێراقیان بۆ دەردەهێنن، بەڵام ئێمە و دەزگاکانی ئەمنی و دامەزراوەکانی دیکەش ئاگادارنین، بەهۆی ئەوەی روویەکی بابەتی پەنابەری ئەمنییە، بۆیە ئێمە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن."
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانە پەیوەندییان بە بەشێک لەو پەنابەرانەوە کردووە و کۆبوونەوەیان لەگەڵدا کردوون، خۆیان بە کارمەندی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوێکی سوێدی ناساندووە.
 
ئەو لێدوانەی بەرپرسەکەی ئەنجوومەنی پەنابەرانی رۆژهەڵات، لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئەنجوومەنەکە راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ماوەی چەند رۆژێکە بە ناوی جیا وەکو رێکخراو پەیوەندی بە پەنابەرانەوە دەکرێت، کە گوایە ناسنامەی عێراقیان بۆ دەردەکەن، بەمشێوەیە دەستیان بە زۆر زانیاری کەسێتی پەنابەران دەگات، کە رەنگە ببێتە مەترسی بۆ سەر ژیانیان، هەر بۆیە وەک ئەنجوومەنی پەنابەران ئێوەی ئازیز ئاگادار دەکەینەوە هەر کەس و لایەنێک پەیوەندی پێوەکردن بۆ هەر کارێکی تایبەت بە پەنابەران پێش بینینیان و لە راستی و دروستی کارەکە، بە زووترین کات پەیوەندی بە ئەنجوومەنەوە بکەن، دڵنیابن تا پارێزراو بن."
 
ئەو دوو ژمارە تەلەفۆنەشی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییان پێوەبکرێت:
 
07725056809
07501564885
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 264 هەزار پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە 8241 پەنابەریان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.