بەشێکی ئۆتۆمبێلەکان لە کوردستان بەردی ئەگزۆزیان دەردەهێنرێت؛ دەبێتە هۆی چەندین زیان

12-12-2023
بەختیار قادر
بەختیار قادر
دەرهێنانی بەردی ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان
دەرهێنانی بەردی ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن ئۆتۆمبێل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەردێکی تایبەت لەنێو ئەگزۆزی ئۆتۆمبێلدا نەبێت، زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل رێژەی گازە زیانبەخش و ژەهراوییەکان لە هەوادا زیاتر دەکەن، ئێستا ئەو جۆرە بەردە لە هەندێک ئۆتۆمبێل دەردەهێنرێت و لە بازاڕ دەفرۆشرێت.
 
دێوالی ئیبراهیم 20 ساڵە سەروکاری لەگەڵ ئەگزۆزی ئۆتۆمبێلە، دەڵێ بەردەکە وەک زێڕ و زیو مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەو بەردەی نێو ئەگزۆز، بەپێی کۆد و جۆری ئۆتۆمبێل، نرخەکانیان لەنێوان 300 بۆ 500 دۆلارە. لە شوێنی بەردە بیلادییەکە بەرد و ساڵنسەیێکی دیکەی چینی دەبەستن کە نرخەکەی کەمتر لە 50 دۆلارە.
 
دێوالی ئیبراهیم، ئەگزۆزچی لە هەولێر، قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "بەردی ئەگزۆز بە ئاشکرا بازرگانی پێوە دەکرێت و دەفرۆشرێت. کابرا هەیە ئۆتۆمبێلێی دەداتە هاوڕێیەک یان لە ناوچەی پیشەسازی جێیدەهێڵێت بۆ چاککردنەوە، بەڵام لێی دەکەنەوە و کابراش هەستی پێناکات."
 
بەردەکە، پێکهاتەیێکی سیرامیکییە لە شێوەی شانەی هەنگ، دوو کاری سەرەکی هەیە: کەمکردنەوەی ئەو دەنگە بەرزەی لە ئەنجامی سووتانی بەنزین دروست دەبێت، کاری دووەمیشی گۆڕینی گازی ژەهراوی و کوشندەیە بۆ دوانەئۆکسیدی کاربۆن، نایترۆجین و ئاو.
 
ساڵنسە نوێکان نرخیان لە 100 دۆلار تێپەڕناکات و دروستکراوی چینن، ناتوانن هەمان ئەرکی ساڵنسە بیلادیەکان بگێڕن.
 
نێچیرڤان سورچی، فرۆشیاری ئەگزۆز دەڵێ "بەردەکە بێگومان سوودی یەکجار زۆرە، بەتایبەت سوودە ژینگەییەکان و ئەو سوودەی بە خودی ئۆتۆمبێلەکەی دەگەیەنێت. بەردەکە نەبێت، بەنزینی زۆر دەخوات و دووکەڵی رەش دەکات، کێشی کەم دەبێت و چەندین زیانی دیکەش."
 
بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان لەکاتی هاوردەکردن و بەشێکی دیکەشیان لە کوردستان بەردی ئەگزۆزیان دەردەهێنرێت.
 
عەلی ئەنوەر، بازرگانی ئۆتۆمبێل باسی ئەوە دەکات زۆرن ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ بەردی ئەگزۆزن و بۆ پشکنینیش تەنیا ئەگەر بەردیان تێدابێت، جا بەردەکە ئەسڵ بێت یان نا دەردەچن.
 
ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەردی بیلادیان لەنێو ئەگزۆزدا نەبێت. بزووێنەر گەرم دەکەن، بەنزینی زیاتریان دەوێت، کێشی ئۆتۆمبێلەکە کەم دەبێت، دووکەڵی رەش دەکات و بۆنی گازی پیسی لێدێت.

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە