لە دەروازەیەکی سنووریی ورمێ دەست بەسەر زیاتر لە 11 کیلۆ زێڕی قاچاخدا گیرا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە دەروازەی سنووریی بازرگان لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەسەر زیاتر لە 11 کیلۆ قاڵبی زێڕی قاچاخدا گیرا، کەسێکی بیانیش بە تۆمەتی قاچاخچیێتی بە زێڕەکە دەستگیرکرا.
 
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لە دەروازەی سنووریی بازرگان دەست بەسەر 11 کیلۆ و 680 گرام قاڵبی زێڕی قاچاخدا گیرا.
 
ناسر عەتەباتی گوتی، "لەو دەروازە سنوورییەدا بارهەڵگرێک پشکنرا، لە ئەنجامدا قاڵبی زێڕی قاچاخی تێدا دۆزرایەوە و دەستی بەسەردا گیرا. شۆفێری بارهەڵگرەکەش کە دەیویست بەرەو وڵاتێکی هاوسێ بچێت، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا".
 
دەروازەی سنووریی بازرگان دەکەوێتە باکووری پارێزگای ورمێ و لەسەر سنووری تورکیا و باکووری کوردستانە.
 
بەگوتەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ، ئەو بڕە زێڕەی دەستی بەسەردا گیراوە بایی 50 ملیار تمەنە (نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی)، ئەو کەسەشی کە ویستوویەتی بە قاچاخ زێڕەکان بباتە دەرەوەی وڵات، هاووڵاتییەکی بیانییە و خەڵکی وڵاتێکی دراوسێیە.