وەزیری ئاوەدانکردنەوە: ساڵی داهاتوو کارکردن لە رێگەی کەلار - دەربەندیخان خێراتر دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلانیان داناوە ساڵی داهاتوو بودجەی زیاتر بۆ رێگەی کەلار - دەربەندیخان تەرخان بکەن و کارەکان خێراتر بکەن و "هەموو ئەو کارانەی پێویستە بۆ تەواوکردنی رێگەکە دەستەبەری دەکەن."
رۆژی دووشەممە 12-12-2022، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی چاکسازی لە سیستمی رێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کارکردن لە رێگەی دەربەندیخان - کەلار بە بەهرۆز فەرەیدوون پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "خۆشبەختانە کارکردن لەو رێگەیە بەردەوامە، پلان وایە ساڵی داهاتوو کارکردن خێراتر بکەین و پارەی زیاتری بۆ تەرخان بکەین و هەموو ئەو کارانەی پێویستە بۆ تەواوکردنی رێگەکە دەستەبەری بکەین، هاوکات رێگەی کۆیەش لە پلانی ساڵی داهاتوومانە بۆ ئەوەی بودجەی بۆ دابین بکەین و تەواوی بکەین."
بودجەی پڕۆژەی کەلار - سلێمانی 137 ملیار دینارە. دانا عەبدولکەریم گوتیشی: "لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراقدا هەیە، ئەوەش دەبێتە هۆکارێکی باش بۆ ئەوەی سەرجەم پڕۆژە ستراتیژییەکان ساڵی داهاتوو کاری باشیان تێدا بکرێت و بتوانین بەشێکی زۆریان تەواو بکەین."
پرۆژەی جووتسایدی کەلار - سلێمانی لە 19ـی کانوونی یەکەمی 2017 دەستیپێکراوە و درێژییەکەی 41 کیلۆمەتر دەبێت. بە یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی دەرەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە و رێگەی چەندین شارۆچکە و دەیان گوندی لەسەرە.
پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پترۆدۆلار بوو، بەڵام ساڵی 2019 گوازرایەوە بۆ سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە. بڕیاربوو ئەو پڕۆژەیە بە 540 رۆژ تەواو بکرێت، بەڵام نزیکەی 1450 رۆژ بەسەر پڕۆژەکەدا تێپەڕیوە و هێشتا تەواو نەبووە.
لەبارەی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر، وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتی: "کاری باشمان لەو پڕۆژەیە کردووە و کۆمپانیای جێبەجێکار لە مانگی نۆوە دەستی بە کارەکانی کردووە و پڕۆژەیەکی گرنگە ئەگەر دیزاینەکەی تەواوبێت تەنیا جێبەجێکردنەکەی سێ ساڵ کەمتری ناوێت و کاتی زۆر دەوێت و هەموو کوردستان دەگرێتەوە."
رۆژی 31ـی ئاداری 2022، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای کۆنسەڵتراسی ئیسپانی کرد کە کۆمپانیایەکی شارەزایە لە ئەنجامدانی خوێندنەوە بۆ گونجانی ئابووری لەبارەی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان.
واژۆکردنی ئەو گرێبەستە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بۆ خوێندنەوەی گونجانی ئابوورییە تاوەکو بزاندرێت ئایا دامەزراندنی تۆڕی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کورستان لە رووی ئابوورییەوە چ کاریگەرییەکی ئەرێنی هەیە.