بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر: دوو برا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە تەقەیان لێکرا

12-12-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر دەڵێت، "ئەو دوو جووتیارەی لە قەندیل گیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بۆ کاری ئاژەڵداری رۆیشتوون، بەڵام سوپای پاسداران تەقەی لێکردوون. ئەو دوو جووتیارە یەکسەر گیانیان لەدەستنەداوە، بەڵکو لەکاتی تەقەکردن رایانکردووە و هەڵدێراون و بەو جۆرە گیانیان لەدەستداوە."
 
ئەمرۆ دووشەممە 12-12-2022، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دوو جووتیار لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە چوونەتە قەندیل. ئەوێش سنوورە و بەردەوام هێزی لێیە؛ سوپای پاسداران تەقەیان لێکردوون. ئەو دوو کەسە راستەوخۆ بە تەقەی سوپای پاسداران گیانیان لەدەستنەداوە، بەڵکو کاتێک رایانکردووە هەڵدێراون و ئەو کات گیانیان لەدەستداوە."
 
بە گوتەی نەهرۆ عەبدوڵڵا، ئەو کەسانەی دیکە کە لەگەڵ ئەو دوو جووتیارە بوون، لە شاخەکە خۆیان شاردووەتەوە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر گوتیشی، ئەو دوو جووتیارە بران؛ یەکێکیان دانیشتووی حاجیاوایە و ئەوی دیکەیان دانیشتووی سەنگەسەرە و ئێستا تەرمەکانیان لە رێگەیە بۆئەوەی بگاتە ناحیەی سەنگەسەر و بڕیارە لە چوارقوڕنە بە خاک بسپێردرێن.
 
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند "دوای ئەنجامدانی توێکاری دەرکەوت هیچ ئاسەواری گوللـە بەجەستەی ئەو دوو هاونیشتمانییەوە نیە و تەنها رووشان و برین بەجەستەیانەوە دیارە کە لەشاخ بەربوونەتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە